هاوکارییەکە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە

هەر دەرچوویەکی کشتوکاڵ 4 سندوقە هەنگی وەرگرت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

13 دەرچووی بەشی کشتوکاڵی پێنجوێن هەریەکە و 4 سندوق هەنگی پێ درا بە سەرجەم کەرەستەکانی بەخێوکردن و رێنمایی پێویستەوە.

کارەکە رۆژی سێشەممە، 28.2.2023 بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە هاوکاریی رێکخراوی jizـی ئەڵمانی بەڕێوە چووە.

تۆڕی 964 دەزانێت، دابەشکردنی هەنگ تەنیا لە سنووری پێنجوێن نەبووە، بەڵکو لە چەند ناوچەیەکی شارباژێڕیش 20 دەرچوو سندووقی هەنگیان وەرگرتووە و لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و زۆر شوێنی تر دەگرێتەوە.

دڵشاد محەمەد، بەرپرسی هۆبەی هەنگ لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: کارەکە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بەردەوامە، بەر لە پێدانی سندووقە هەنگ بە دەرچووەکان، خولی راهێنان و چۆنیەتیی بەخێوکردنی هەنگیان بۆ کراوەتەوە.

“هەوڵەکە بۆ ئەوەیە دەرچووانی دانەمەزراوی بەشی کشتوکاڵ لە رێگەی ئەو سندووقە هەنگانەوە، ببنە خاوەن کاری خۆیان و پشت بە خۆیان ببەستن”، دڵشاد محەمەد وای وت.