"زمانی پێکهاتەکانی تریش دەبێت بنووسرێن"

لەمەودوا زمانی کوردی لە فەرمانگە و سەر تابلۆکانی کەرکوک بەکاردەهێندرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەمینداریەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە لەمەودوا دەبێت زمانی کوردی لە فەرمانگەکان و سەر تابلۆکانی فەرمانگەکانی پارێزگای کەرکوک بەکاربهێندرێت، هاوکات لەگەڵ زمانی پێکهاتەکانی دیکەشدا.

بە پێی بڕیارەکە دەبێت وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی خوێندن بە زمانەكانی كوردی و توركمانی لە خوێندنگەكان چاپ بكات. هەروەها مامۆستای تایبەت بە زمانی كوردی و سریانی و توركمان بۆ ئەو خوێندنگانە دابین بكرێت.

ئەوەش هاتووە،  دەبێت ئەو بڕیارە كارگێڕییانەی لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگای كەركوك دەردەچن، بە زمانی عەرەبی و كوردی بن.

پێشتر لەسەر بڕیاری راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک، بەکارهێنانی زمانی کوردی سنووردار کرابوو.

لە نووسراوەکەدا باس لەوەش کراوە، زمانی کوردی لە كۆمپیوتەرەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پاسپۆرت و باری شارستانی و نشینگە لە پارێزگای كەركوك و پارێزگا تێكەڵەكان زیاد بكرێن و نووسراوی فۆڕمەكانیش لە فەرمانگە و دامودەزگە حكومییەكانی پارێزگای كەركوك، بە هەردوو زمانی عەرەبی و كوردی بن.