"هاوڵاتیان مافی وەرگرتنی تاپۆیان لە سەرتاسەری عێراق هەیە"

بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی گڕ لە بازاڕی خانووبەرەی هەرێم بەردەدات

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

تاپۆکردنی موڵک لەسەر عێراقییەکان لە هەر شوێنێکی عێراق بێت بێ جیاوازی، بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراقە، خاوەن عەقاراتەکان دەڵێن بڕیارەکە بازاڕی خانووبەرەی هەرێم دەبووژێنێتەوە.

رۆژی دووشەممە 27.2.2023 دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەرکردنی بڕیارێکی راگەیاند کە “مافی عێراقییەکان بۆ خاوەنداریەتیی موڵک و ماڵی بێ جیاوازی لە هەموو بەشەکانی عێراق” جێگیر دەکات.

بە پێی ئەو زانیارییانەی 964 لە بەشێک لە خاوەن عەقاراتەکانی هەرێم وەری گرتووە، زیاتر 45%ـی کڕیارانی خانووبەرەی هەرێم، عەرەبن و بەو بڕیارەش رێژەکە زیاتر بەرز دەبێتەوە.

مستەفا خەیروڵڵا، بەڕێوەبەری عەقاراتی حاجی سەلام لە شاری سلێمانی، بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: ئەو بڕیارە بازاڕی خانووبەرەی هەرێم هێندەی دیکە دەبووژێنێتەوە و سەرمایەیەکی زیاتر دێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە.

پێشی وایە بە فرۆشتنی 2 تا 4 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە هاوڵاتیانی عەرەب، هەرێمی کوردستان تەعریب ناکرێت.

لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی 16 ساڵدا نزیکەی 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست کراون.

“پیشبینی دەکەم بازاڕی خانووبەرەی هەرێم بە ڕێژەی 10% بۆ 15% بەرز ببێتەوە بەهۆی ئەو بڕیارەوە”، مستەفا خەیروڵڵا وای وت.