لەم هەفتەیەدا توركیا دوو هێرشی لە شەنگال كردووە

دژەتیرۆر: بەرپرسێكی یەبەشە لە شەنگال كوژرا

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

دژەتیرۆری كوردستان دەڵێت، لە بۆردومانی فرۆكەی توركیا لە شنگال بەرپرسێكی یەبەشە و پاسەوانەكەی كوژراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ئاداری 2023، کاتژمێر 12:00، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا، ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی ئەمنیی یەبەشەی لە ناوەندی قەزای شنگال كردە ئامانج و بەرپرسە ئەمنییەکە و پاسەوانێکی کوژران.

لە ماوەی سێ رۆژدا، ئەمە دووەم هێرشی فڕۆکەکانی تورکیایە بۆ سەر هێزەکانی یەبەشە لە شنگال، له‌ هێرشی یەکەمیشدا، کە رۆژی 27ـی شوبات ئەنجام درا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێكی چه‌كدارانی یه‌به‌شه‌ی له‌ سنووری شنگال بۆردومان كرد و به‌هۆیه‌وه‌ به‌رپرسێكی باڵای یه‌به‌شه‌ کوژرا.

دوێنێ سێشەممەش دەزگه‌ی هەواڵگری توركیا رایگەیاند لە ئۆپراسیۆنێكدا بەرپرسێكی باڵای پەكەكەیان لە سلێمانی دەستگیر كردووە، هه‌رچه‌نده‌ په‌كه‌كه‌ رایگه‌یاند، ئه‌و كه‌سه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ریزه‌كانی ئه‌وانه‌وه‌ نه‌ماوه‌.