هەرێم 2000 شەهیدی شەڕی داعشی هەیە

ساغکردنەوە .. گواستنەوەی مووچەی شەهیدانی شەڕی داعش بۆ بەغدا پێشنیارە نەک بڕیار

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

گواستنەوەی مووچەی شەهیدانی شەری داعش بۆ سەر بەغدا تەنیا پێشنیارێکی حکومەتی ناوەندییە و نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و نەبووە بە بڕیار.

دوێنێ سێشەممە 28.2.2023 وا بڵاوکرایەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق مووچەی 2000 شەهیدی شەڕی داعشی گواستووەتەوە سەر حکومەتی عێراق.

پیشنیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی هەموارکردنی یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2016ـی دەزگای شەهیدانی عێراقە، لە هەموارەکەدا شەهیدانی حەشدی شەعبی و پیشمەرگەشیان تێکردووە و رەوانەی پەرلەمان کراوە بۆ دەنگدان لەسەری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم بە تۆڕی 964ـی راگەیاند “وەک هەرێم و وەزارەتی شەهیدان زۆر پشتگیری ئەو هەموارە دەکەین و لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش کورد دەنگی پێدەدات.

هەرێمی کوردستان 2000 شەهیدی لە شەڕی داعشدا هەيە.

“هیوادارین هەمواری یاساکە لە پەرلەمان کێشەی بۆ دروست نەکرێت و دەنگی پێویست بێنێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە” سەرچاوەکەی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم وای وت.