حەوت ماڵ لە لیستی کۆتایی قەرەبووی لیواڕەشەکەی کەلار بێبەش بوون

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

 

تیروپشکی پێدانی زەوی بۆ وەجبەی کۆتایی دانیشتووانی لیوارِەشەکە و جەمەلۆنەکەی کەلار ئەنجام درا و بەشێک لە ماڵەکانیش بێبەش بوون.

 

ئەمڕۆ چوار شەمە 1.3.2023 لە ھۆڵی شارەوانی کەلار، بە ئامادەبوونی دادوەری گشتی و لیژنەی گرێبەستەکانی شارەوانی، تیروپشکی پێدانی زەوی بۆ وەجبەی کۆتایی دانیشتووانی لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکە ئەنجام درا، بەشێک لە ماڵەکانیش بێبەشبوون لە وەرگرتنی زەوی و دەڵێن سکاڵا تۆمار دەکەن.

 

دلێر محەمەد، بەرپرسی بەشی پرۆژەکانی شارەوانی کەلار بە تۆڕی 964ی وت، دوای دەرچوونی فەرمانی وەزاری بۆ دانیشتووانی ھەردوو بینای لیواڕەشەکە و جەمەلۆنەکە  کە ژمارەیان 163 ماڵە، قەرەبوو بکرێنەوە بە پارچە زەویيەکی 200 مەتری، ئەمڕۆ لیستی کۆتایی تیروپشکیان بۆ کرا، کە 32 ماڵ بوون.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانە ژمارەی زەویيەکانیان پێدراوە، کە دەکەوێتە سەر شەقامی پشتێنەیی کەلار، سەرەتا بڕیاربوو لە 15ی ئادار ھەموویان شوێنەکانیان چۆڵ بکەن، بەڵام دوای گفتوگۆ بە بڕیاری داواکاری گشتی، ماوەکەیان بۆ درێژکرایەوە تا ١ی ئایار و پێویستە بیناکە چۆڵ بکەن.

 

بەشێک لە دانیشتووانی لیواڕەشەكە، شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە ناڕەوا وەسف دەکەن و دەڵێن، خەڵک ھەیە دانیشتووی ئەو دوو بینایە نيیە، بەڵام زەوی وەرگرتووە، حەوت ماڵی دانیشتوی لیواڕەشەکەش، کە لە وەرگرتنی زەوی بێبەش بوون، دەڵێن سکاڵا تۆمار دەکەن.

 

فەرھاد فارس، یەکێکە لە دانیشتووانی لیواڕەشەکە، کە ناوی لە لیستی قەرەبووەکاندا نيیە، بە تۆڕی 964ی وت، “حەوت ماڵین و ناومان لە لیستی قەرەبووەکەدا نيیە، بەھۆکاری ئەوەی ئەو لیژنەیەی ھاتووە ناوی ماڵەکانی نووسیوە، پێیان وتوون ھەر خانوویەک ئەگەر چەند ماڵیشی تيَدابێت، تەنيا یەک پارچە زەوی وەردەگرن”.

 

وتیشی، “ئێستا بۆمان دەرکەوتووە بەو شێوەیە نیيە و نادادپەروەری ھەیە، بۆیە ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە و نووسراومان پێشکەش بە شارەوانی کردووە، ئەگەر کێشەکەمان چارەسەر نەکرێت، ھەڵوێستی دیکەمان دەبێت و سکاڵا تۆمار دەکەين”.

گەڕەکی لیواڕەشەکە و جەمەلۆنەکەی قەزای کەلار، لە دوو سەبازگەی کۆنی رژێمی بەعس پێکدێن، لە دوای راپەڕینەوە چەندان خێزان تێیدا نیشتەجێن.

 

پێداچوونەوە: توانا نەقی