لەسەر لێدانی مامۆستایەک باوک و کوڕێک دەستگیر کران

+964
عەمار عەزیز – دهۆک

پێش دوو رۆژ لە قوتابخانەیەکی دهۆک، مامۆستایەک لە لایەن باوک و کورێکەوە لێی درا، ئەمرۆش بكه‌ره‌كان دەستگیركران.

ئه‌و باوك و كوڕه‌ی چەند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ مامۆستایه‌كیان دابوو، ئەمڕۆ لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیركران، مامۆستاكەش دەڵێت، هێشتا هەڕەشەی لەسەرە.

مامۆستاكە، كاردۆخ عومه‌ر ئه‌مین، وانەبێژە و وانەی وەرزش دەڵێتەوە، بە تۆڕی 964ی وت “داوام لە قوتابییەكە كردووە لە كاتی وانەكاندا بێدەنگ بێت، بەڵام بێدەنگ نەبوو، چووە دەرەوە و دواتر كردی بە دەمەقاڵی و تەلەفۆنی بۆ باوكی كرد و دواتر پێكەوە لێیاندام”.

مامۆستاكە هه‌روه‌ها وتی “سکاڵام له‌سەر تۆمارکردوون و ده‌ستگیر كراون، تا ئەم ساتەش کەسوکاری هەڕەشەی کوشتن و لادان لە قوتابخانەم لێدەکەن، ژیانم لە مەترسییدایە”.

عومەر عەلی ته‌ها، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە لە دهۆک، به‌ تۆڕی 964ی وت، “بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆسیەكە، لیژنەیەکمان لەگەڵ لایەنی ئەمنی و دەزگا پەیوەندیدارەکان پێکهێناوە”.

پەیامنێری تۆڕی 964 پەیوەندی بە هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک كرد، بەڵام رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات.

به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی 964، دۆسیەكە ئێستا لە بنكەیه‌كی پۆلیسه‌ له‌ دهۆك، تا ئێستا دادوەر هیچ كام لە تۆمەتبارەكانی نەبینیوە.

پێداچوونەوە: کوردستان ئەحمەد