رانیە شەشەمین فێستیڤاڵی تەکنەلۆژی لەخۆگرت

964+
ژێوار خدر

ئەمڕۆ پەیمانگای رانیەی ناحکومی بۆ زانستەکانی کۆمپیوتەر شەشەمین فێستیڤاڵی تەکنەلۆژی ئەنجامدا، 80 پرۆژەی هەمەجۆر لەلایەن بەشداربووانەوە پێشکەشکران، کە ئامێری ناسینەوەی لێچوونی غازی تیادابووە.

محەمەد کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە خوێندکاری قۆناغی چواری پەیمانگایە بە تۆڕی 964ی وت، بە چوار پڕۆژەی جیاواز بەشداریکردووە و یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی سیستمی ناسینەوەی غازە.

محەمەد باسی لەوەکرد، لە رێگەی ئەو سیستمەوە کاتێک غاز لە ماڵدا بڵاودەبێتەوە راستەوخۆ لە رێگەی ئاگادارکەرێکەوە خاوەن ماڵ ئاگادار دەکرێتەوە لەبارەی هەبوونی غاز، تەنانەت ئەگەر خاوەن ماڵیش لە دەرەوەی ماڵەکەی بێت ئەوا لە رێگەی پەیوەندیکردن بە ژمارەی مۆبایلەکەیەوە ئاگادار دەکرێتەوە لە لێچونی غاز.

پرۆژەکانی فێستڤاڵەکە لە چەند بوارێکی جیاواز پێکهاتوون کە بریتین لە سیستمی رۆبۆتینگ و زیرەکی دەستکرد (AI).

مامۆستا ئاسۆ ئیبراهیم سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵ باسی لە گرنگی هەبوونی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە کرد و وتی ئەم فێستیڤاڵە سودێکی زۆری هەیە هەم بۆ خەڵکانی خاوەن کار کاتێک کە دێن سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن دەتوانن ئەم پڕۆگرام و بەرنامانە بۆ کارەکانی خۆیان بەکاربهێنن و هەمیش بۆ بەشداربووان لە لایەنی ماددییەوە سودی هەیە و دەتوانن لێرەوە پڕۆژەکانی خۆیان ساغ بکەنەوە.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر