هەفتەی داهاتوو یەکلایی دەکرێتەوە

بزوتنەوەی ئیسلامی: بڕیارمان نەداوە بچینە پەرلەمان

964+

فەرمان سادق

پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتارەکەی پەسندکرد.

لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی پێنج پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و عەلی حەمەساڵح و دکتۆر کازم فاروقی پەسندکرد.

بەگوێرەی ریزبەندی ئەنجامی دەنگدانی هەڵبژاردن بێت، ئەوا مەهدی خاکی لە لیستی نەوەی نوێ دەچێتە شوێنی کازم فاروق، دلێر عەبدولخالق لە لیستی گۆڕان دەچێتە شوێنی عەلی حەمەساڵح.

بەڵام پەیوەند بە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، هێشتا روون نییە کێن ئەوانەی شوێنەکانیان پڕ دەکەنەوە.

بەپێی ریزبەندی بێت، سێ لەو پێنج کاندیدە یەدەگەی بەرەی ئیسڵاح (یەکگرتووی ئیسلامی – بزوتنەوەی ئیسلامی –  بزاڤی چاکسازی و گەشە) لە یەکگرتووی ئیسلامین، بەڵام ئەو حزبە رایگەیاندووە کە هیچ کاندیدێکیان ناچێتە پەرلەمان.

لەوانەی بزوتنەوەی ئیسلامی کە بەپێی ریزبەندییەکە بێت هەریەکە لە عەبدوڵا وەرتێ (3040 دەنگ)، لەیلا عەلی عەبدولعەزیز (1109 دەنگ)،كامیل مەحمود (1169 دەنگ)، نەسرین تۆفیق (500 دەنگ)، هەروەها محەمەد بازیانی (932 دەنگ) لە بزاڤی چاکسازی و گەشە، جێگەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی دەگرنەوە، دەچێنە شوێنی هەریەکە لە شێرکۆ جەودەت، هڵز ئەحمەد، ئیسماعیل عەلی، سەرچنار ئەحمەد و ئەبوبەکر هەڵەدنی.

ئێستا بزاڤی چاکسازی و گەشە هەڵوەشاوەتەوە و محەمەد بازیانی لەگەڵ کامیلی حاجی عەلی خۆیان وەک باڵێکی بزوتنەوەی ئیسلامی ناساندووە و کار دەکەن بۆ دووبارەکردنەوەی کۆنگرەی 12ـی بزوتنەوە، دوای تانەکەی لە ئەنجامی کۆنگرەیان دابوو.

بەپێی یاسا، کۆمسیۆن ناچارە بەپێی ریزبەندی ناوی کاندیدی شوێنگرەوە رەوانەی پەرلەمان بکات، تەنیا لە یەک حالەت نەبێت کە پەرلەمان لە نووسراوەکەی بۆ کۆمسیۆن داوا بکات ناوی کاندید یەدەگەکانی یەکگرتوو نەنێرێت.

لەم خولەی پەرلەماندا، کاتێک پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی دادگەری دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکرد و قبوڵکرا، دەبوو مەڕوان گەڵاڵی کاندیدی یەدەگ بچێتە شوێنی، بەڵام نابراو بە نووسراوی فەرمی کە بۆ پەرلەمانی ناردبوو، سازشی لەو مافەی خۆی کرد بۆ عومەر گوڵپی کە ئێستا ئەندامی پەرلەمانە.

عەبدوڵا وەرتێ، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی بە 964ـی وت، هێشتا بڕیارمان نەداوە دەچینە پەرلەمان یان نا، لەناو خۆماندا لە رۆژانی داهاتوو کۆدەبینەوە، ئینجا بڕیار دەدین.

وەرگرتنەوەی متمانە لەو پەرلەمانتارەنە لە کاتێکدایە هێشتا پەرلەمان بە فەرمی نووسراوی بۆ کۆمسیۆن نەکردووە بۆ ئەوەی ناوی کاندیدانی شوێنگرەوەیان بۆ بنێرێت.

شیروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی بۆ 964 ئەو زانیارییەی پشتڕاستکردەوە کە تا کاتژمێر 9ـی ئەمشەو هیچ نووسراوێک لە پەرلەمانەوە بەدەست کۆمسیۆن نەگەیشتووە.

بەهۆی ئەوەی سبەی پێنجشەممە 2ـی مانگ، پەرلەمانی کوردستان لە پشوو دایە، ئەگەری هەیە ناردنی نووسراوەکە بکەوێتە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 4.3.2023.