ئەمریکا 4000 دەرفەتی خوێندنی لە وڵاتەکەی راگەیاند

964+

فەهمی نەبی

ئەمریکا کورسی خوێندنی ماستەر لەچوارچێوەی بەرنامەی خوێندنی فول برایت بۆ خوێندکارانی عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخان دەکات، بەرنامەکە چەندین بواری جیاواز لەخۆدەگرێت.

ئەوانەی دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان داواکاری پێشکەش بکەن، ئەوا دەبێت ئەو نۆ مەرجەیان تیدا بێت کە لەچوارچێوەی بەرنامەی خوێندنی فول برایت هەیە، هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵاش پێنج مەرجی بۆ نۆ خاڵەکە زیاد کردووە، بەمەش ئەوانەی چانسی وەرگرتنیان هەیە دەبێت 14 مەرجەکەیان تێدا بێت.

ساڵانە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بەرنامەی فول برایت بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری نێوان وڵاتان رادەگەیەنێت، بۆ هەر ساڵێک هەشت هەزار دەرفەتی خوێندن تەرخان دەکات، لەنێویاندا چوار هەزار دەرفەتی خوێندن بۆ خوێندکارانی وڵاتانی دەرەوەی ئەمریکایە کە تێچووەکەشی لە ئەستۆ دەگرێت.

بەپێی ئەو نۆ مەرجە بێت کە حکومەتی ئەمریکا دایناوە، ئەو کەسەی داواکاری پێشکەشدەکات دەبێت دانیشتووی عێراق بێت، هاوکات هیچ یەک لەو عێراقیانەی دانیشتووی ئەمریکان ناتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسە دەبێت دوو ساڵ ئەزموونی کارکردنی هەبێت دوای بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە و باکگراوندی ئەکادیمی بەهێز بێت، هاوکات بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت.

توانستی زمانی ئینگلیزی یەکێکە لە مەرجەکانی پرۆگرامەکە، بەجۆرێک داوا دەکرێت ئەو کەسەی بەرنامەکە پێشکەشدەکات، توانستی زمانی بەهێز بێت و بتوانێت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەشداری لە راهێنانی زمان بکات.

ئەوانەشی ئەمساڵ داواکاری پێشکەش دەکەن، ئەوا بۆ ساڵی خوێندنی 2024ـە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1.3.2023، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەو دەرفەتەی خوێندنی لە ئەمریکا بڵاوکردوە.

هەرچی پێنج مەرجەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵایە، پێشکەشکار نابێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە %65 کەمتر بێت، هاوکات دەبێت دوو ساڵ خزمەتی لە فەرمانگەی حکومی هەبێت و ئەو بوارەی داواکەی لێ پێشکەشدەکات بۆ خوێندنی ماستەر هەمان ئەو بوارە بێت کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لێ بەدەستهێناوە.

بۆ پڕکردمەوەی فۆرمی پێشکەشکاری پێویستە سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکەی.

1ـی ئایاری داهاتوو، دوا وادەی حکومەتی ئەمریکایە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت داواکاری خوێندن پێشکەش بکەن.

لەم بەستەرەوە دەتوانی لینکی بەرنامەی فول برایت کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بڵاویکردوەتەوە ببینی.