لە رانیە سێ ژنی جانتابڕ دەستگیرکران

+964
ژێوار خدر

پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، ئەمڕۆ سێ ژنیان دەستگیرکردووە کە ئیشیان جانتابڕینی خانمانی دەڤەرەکە بووە لەناو بازاڕ.

بە قسەی پۆلیس ئەو سێ ژنە جگە لە جانتابڕین، کەلوپەلی ناوماڵ و پارە و ئاڵتونیشیان دزیوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی راپەڕین هەواڵەکەی راگەیاندووە.

شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی 964ی وت “بەسودوەرگرتن لە ڪامێراڪانی چاودێری توانراوە لە ماوەیەڪی ڪەمدا سێ تۆمەتباری ژن دەستگیربڪرێن کە تەمەنیان لەسەروی 18 ساڵە و زیاتر کەلوپەلی ماڵانیان دزیوە و هەروەها لەناو بازاڕیش جگە لە کەلوپەلی ناوماڵ پارەیان لە چەند کەسێک دزیوە و لە ماڵێکیش ئاڵتونیان دزیوە”.

سەبارەت بەوەی کە ئەم ژنانە خەڵکی کوێن، شۆڕش ئیسماعیل ئامادەنەبوو شوێنی نیشتەجێبوونیان ئاشکرا بکات.

بەپێی وتەی پۆلیسی راپەڕین دوای لێڪۆڵینەوە لەبەردەم دادوەر و پۆلیسدا تۆمەتباران دانیان ناوە و بە تاوانەکانیاندا و لە ئێستادا بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی لێڪۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.