پارێزگار کورسییەکەی بۆ کڕی
خاوەن پێداویستییەکەی دهۆک خەونەکەی هاتەدی
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
گەنجە خاوەن پێدوایستییەکەی دهۆک دەستی گەیشت بە کورسی خەونەکەی کە ساڵانێک بوو تامەزرۆی بوو.
دوای ئەوەی لە 18ـی مانگی رابردوو دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا لە نزیکەوە چاوی بکەوێت بە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، مەحمود عەبدولعەزیزی تەمەن 29 ساڵ، بەگوێی پارێزگاری شارەکەی چرپاند “سۆز بدە کورسییەکی ئەلیکترۆنیم بۆ دەکڕی”.
ئەو پێگەیشتنەی مەحمود عەبدولعەزیز محەمەد بە پارێزگار لەناو یاریگای دهۆک بوو، لەو کاتەی دهۆک میوانداری نەوتی میسانی کردبوو.
هەر لەهەمان شوێن، ئەمڕۆ چوارشەممە 1.3.2023، پارێزگاری دهۆک لە ئامادەبوونی یاری دهۆک بەرامبەر بە یانەی زەوڕا، خۆی و کورسییە ئەلیکتۆنییەکە چووە ناو یاریگا و بە بەرچاوی هاندەرێکی زۆری یانەی وەرزشی دهۆک، ئەو سۆزەی بە مەحمودی دابوو، بەجێیهێنا.
دوای یارییەکە، مەحمود عەبدولعەزیز، قسەی بۆ 964 کرد، ئاماژەی بەوەدا کە زۆر پێویستی بەو کورسییە هەبوو، نرخەکەی لە بازاڕ گرانە و ناتوانێ بیکڕێت، بەڵام “سوپاس بۆ پارێزگاری دهۆک کە بەڵێنەکەی بەجێهێنا، زۆر دڵخۆشم”.
مەحمود عەبدولعەزیز، دانیشتووی گەڕەکی ئیتیتی سەنتەری شاری دهۆکە، باس لەوە دەکات کە تەمەنی شەش مانگ بووە بەهۆی نەخۆشی تا تووشی ئیفلیجی بووە، ئەوە 28 ساڵە نەیتوانیوە بەپێیەکانی خۆی هەنگاو بنێ و لەسەر پشتی کورسی جولاو خوێندنی تەواو کردووە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق