فراکسیۆنی یەکگرتوو هەموویان خانەنشین دەبن
ئەبوبەکر هەڵەدنی: خانەنشینی وەردەگرم
964+
فەرمان سادق
دوای قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەیان، هەر پێنج ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی خانەنشین دەبن.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو بو 964 ئاشکرای کرد کە مامەڵەی خانەنشینی بە پلەی وەزیفی پەرلەمانتاری دەکات.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، روونی کردەوە کە 30 خزمەتی هەیە، جگە لە هەشت ساڵ پەرلەمانتاری ئەوا 22 ساڵ لێکۆڵەری دادی بووە لە دادگاکانی سلێمانی.
بە قسەی ئەو پەرلەمانتارە بێت، ئەوا هەریەکە لە پەرلەمانتاران ئیسماعیل عەلی زیاتر لە 36 ساڵ خزمەت بە مامۆستایەتییەوەش لە دهۆک، هەلەز ئەحمەد زیاتر لە 25 ساڵ مامۆستایەتی لە دهۆک، سەرچنار ئەحمەد زیاتر لە 24 ساڵ لێکۆڵەری دادی لە دادگاکانی هەڵەبجە، هەرچی شێرکۆ جەودەتی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیە فەرمانبەری ئامار بووە.
ئەبوبەکر هەڵەدنی زیاتر وتی “تەمەنم 53 ساڵە، هەر سێ مەرجەکەی یاسای چاکسازی بۆ خانەنشینم تێدایە، ساڵانی خزمەت، بڕوانامە و تەمەن، بۆیە من بەپێی ئەو یاسایە خۆم خانەنشین دەکەم بە پلەی پەرلەمانتاری”.
خانەنشینبوونی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەیانی قبوڵکرد.