ژنێک یەکەم مۆڵەتی وەرگرت

ئەگەر لە سۆرانیت مۆڵەتە کۆنەکەی شۆفێریت بکە بە ئەلیکترۆنی

964+

ئاسۆ وەرتی – سۆران

مۆڵەتی ئەلیکترۆنی شۆفێری لە قەزای سۆران کارا کرا و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆکەشی دەڵێت، رۆژانە دەتوانن لەسەروو 100 مۆڵەت بە شوفێران بدەن.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.3.2023 سیستمەکە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران کارا کرا.

لەمەبەدوا شۆفێران دەتوانن لەماوەی 15 خولەکدا مۆڵەتی شۆفێرییەکەیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بە ئەلیکترۆنی.

موحسین تەحیسن، وتەبێژی هاتوچۆی سۆران بە 964ی راگەیاند: جێگەی خۆشحاڵییە ئەو سیستمە لە سۆرانیش کارا بوو، چونکە لە پاریزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی تر پێشتر کارا بوو.

“کارئاسانی زۆر بۆ هاوڵاتیان دەکات و لەماوەی 15 خولەکدا هەموو کارێکی کارتی شۆفێرییەکە تەواو دەکرێت و دەدرێتەوە بە خاوەنەکەی”، موحسین تەحسین وای وت.

بە پێی زانیارییەکانی 964 لە سۆران زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمبێل بە گشت جۆرەکانییەوە هەیە.

رێزان خورشید، یەکەم کەسە لە سۆران مۆڵەتە نوێیەکەی کردە ئەلیکترۆنی، بەخۆشحاڵییەوە قسەی بۆ 964 کردووە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات مۆڵەتەکانیان بگۆڕن و کارەکەشیان بە زوویی بۆ رایی دەکرێت.

پێداچوونەوەی: پێشەوا محەمەد