دەوترێت بەهۆی ئەوەیە لە هەولێر باجی داوە

کۆمپانیایەک لە سلێمانی کارەکانی راگیراوە

964+

محەمەد عومەر-هەڵەبجە

ماوەی سێ رۆژە پەخشی ئامێری ناوخۆیی HD BOX لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی ئیدارەی گەرمیان و کەرکوک وەستاوە، بەرپرسێکی ئەو کۆمپانیایە دەڵێت، چونکە لە هەولێر باجمان داوە، بۆیە ناهێڵن لێرە پەخشمان هەبێت.

سەیوان عەلی، بریکاری کۆمپانیای HD BOXلە هەڵەبجە، ئەمڕۆ چوارشەممە 2.3.2023 بە تۆڕی 964ی وت، “پەخشەکەمان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە راگیراوە، بیانوەکە ئەوەیە گوایە مۆڵەتمان نوێ نەکردووەتەوە و باجمان نەداوە، بەڵام لە سنووری هەولێر و دهۆک و زاخۆ، هیچ کێشەیەکی نییە و پەخشی ئاساییە”.

سەیوان ئەوەشی وت، هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی دوگمەی HDIP سەر کۆنتڕۆڵەکانیان، لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بینەری کەناڵە ناوخۆییەکان بن.

964 لە رێگەی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، کە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت زانیویەتی، کۆمپانیاکە باجی ساڵانەی لە هەولێر داوە، بەڵام لەلایەن بەپرسانی کارگێڕی سلێمانی و هەڵەبجەوە داوایان لێکراوە، ئەو تاوەر و کێبڵانەی کەوتوونەتە سنوری سلێمانی، داهاتی باجەکەی بۆ سنووری سلێمانی بگەڕێندرێتەوە، بەڵام کۆمپانیاکە هەموو باجی ساڵانەی لە هەولێر داوە.

کۆمپانیای HD BOX چەند ساڵێکە وەک پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت، لە رێگەی ئامێرێکەوە پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان دابین دەکات.