دەبوو حکومییەکان 100%و تایبەتەکانیش 50%ـی نرخیان کەم بکردایەتەوە

نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان پابەندی وەزارەتی تەندروستی نابن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان پابەندی ئەو بڕیارە نەبوون، کە وەزارەتی تەندروستی بۆ لێخۆشبوون لە نرخی خزمەتگوزارییەکان بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی دەری کردبوو.

بڕیارەکە بە هۆی کۆنووسێکی وەزارەتەکانی شەهیدان و تەندروستییەوە بوو، دواتر لە 24.12.2022 بە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بەسەر هەموو نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکاندا گشتێندرا.

بە پێی بڕیارەکە، دەبوو نەخۆشخانە حکومییەکان بە رێژەی 100% و تایبەتەکانیش 50% نرخەکانیان بۆ کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی کەم بکەنەوە.

عادل مەلاساڵح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ تۆڕی 964 پشتڕاستی کردەوە، بەشێکی زۆری نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان بەو بڕیارەوە پابەند نەبوون.

“لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی قسەمان کردووە و بڕیار وایە کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەین و رێگەچارە بدۆزینەوە”، عادل مەلاساڵح وای وت.

لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 90 هەزار کەسوکاری شەهید، مووچە لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی 964ـی وت: “راستە نەخۆشخانەکان پابەند نەبوون، لە هەندێ نەخۆشخانەوە دەڵێن دەبێت ئەوە ببێت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران”.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، بڕیارەکە نێردراوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، تا لەوێوە بڕیاری بۆ دەربچێت و بە تەواوی لە سەرەجەم نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکاندا جێبەجێ بکرێت.