كۆبۆن بە ناوی خۆتەوە نەبێت بەنزین نییە

964+
كاروان ستار – کەرکوک

لەمەودوا هەر شۆفێرێك لە کەرکوک كۆبۆنەکەی بە ناوی خۆیەوە نەبێت بەنزینی پێ نادرێت، ئەمە بە قسەی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی شارەکە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2.3.2023، بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەکانی كەركوك ئەو بڕیارەی داوە و هۆکارەکەی بۆ قەرەباڵغی بەنزینخانەکان گەڕاندووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، لە ئێستادا لە شاری كەركوك 42 بەنزینخانەی حكومی و ئەهلی بە نرخی 450 دینار بۆ هەر لیترێک بەنزین بە شۆفێران دەفرۆشن.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک بە 964ی وت، لە ناچاریدا بڕیارەکەیان داوە، چونکە نۆرەگرتن درێژتربووەتەوە و قەرەباڵغییەکی زۆری دروستکردووە.