لە گەرمیان 25 مامۆستا بۆ دوو پەیمانگای نابیستان دادەمەزرێن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان، 25 هەلیکار دەڕەخسێنێت بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانی سنوورەکە، هەر کەس مەرجەکانی تێدابێت دەتوانێت تا 12 رۆژی دیکە فۆڕم پڕبکاتەوە.

بۆ قەزای کەلار 16 کەس دیاریکراون و بۆ قەزای کفرییش نۆ کەس، هەموویان وەک مامۆستا دادەمەزرێن بۆ ئەوەی لە هەردوو پەیمانگەی نابیستانی گەرمیان و کفری وانە بڵێنەوە.

یەکێک لە مەرجەکان بۆ دەرچووی پەیمانگەو زانکۆکان ئەوەیە، دەبێت خوازیار تەمەنی لە نێوان 22 بۆ 35 ساڵدا بێت و دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست دەبێت.

بوارەکانی دامەزراندن ئەمانە دەگرێتەوە: مامۆستای ئینگلیزی، مامۆستای عەرەبی، مامۆستای کوردی، مامۆستای کۆمپیوتەر، مامۆستای بیرکاری، مامۆستای زانست، مامۆستای کۆمەڵایەتی، مامۆستای وەرزش و مامۆستای هونەر.

ئەو کەسانەی دەیانەوێت فۆڕم پربکەنەوە و دانیشتووی سنوری شاری کەلارن، دەتوانن لە رێکەوتی 7.3.2023 سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان بکەن، بە مەبەستی وەرگرتنی فۆڕم و گەڕاندنەوەی فۆرمەکە لە ماوەی حەوت رۆژدا .

ئارەزوومەندانی قەزای کفرییش، دەتوانن رۆژێک دواتر و لە بەرواری 8.3.2023 سەردانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کفری بکەن و حەوت رۆژ بۆ گەڕاندنەوەی فۆڕمەکان دیاریکراوە.