بانکەکان لە رۆژانی پشوشدا پارەی گەنم دابەش دەکەن
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بڕیار دراوه لە رۆژانی پشووشدا بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی کراوە دەبن، بۆ دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێت، بانکەکان بە بڕیاری وەزیری دارایی راسپێردراون، هەموو ئاسانکارییەک بۆ دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بکەن، کە بڕەکەی 139 ملیار و 687 ملیۆن دینارە.
ئەو پارەیە تایبەتە بە شایستە داراییەکانی 2015ی گەنمی جووتیاران و بەسەر جووتیاری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکدا دابەش دەکرێت.
بە پێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، پارەکە بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت: هەولێر 60 ملیار و 569 ملیۆن و 748 هەزار دینار، لە سلێمانی 44 ملیار و 129 ملیۆن و 404 هەزار دینار، لە دهۆکیش 34 ملیار و 987 ملیۆن و 911 هەزار دینار.
لە رۆژی چوارشەممەوە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2015 دەستیپێکردووە، بڕیارە دواتریش دهست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی 2016ی جووتیاران بکرێت، کە ئەویش بڕهکەی 131 ملیار و 369 ملیۆن و 106 هەزار دینارە.