نرخی کابینەیەک لە دوکان بۆ 800 دۆلار بەرزبووەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

هەموو کەپر و کابینەکانی سەیرانگەی دوکان لە سلێمانی بۆ جەژنی نەورۆز گیراون و دراون بە کرێ، ھەر کابینەیەک دراوە بە 800 دۆلار.

خاوەنی پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە سەیرانگەی دوکان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ماوەی 10 رۆژ زیاترە نە کەپر نە کابینەمان نەماوە بۆ رۆژی 21 و 22ی مانگی ئادار، کە دەکاتە رۆژانی جەژنی نەورۆز.

بۆ رۆژانی 21 و 22ی ئەم مانگە ھەر کابینەیەک بە 800 دۆلار و هەر کەپرێکیش بە 100 دۆلار دراون بە کرێ

لە رۆژانی ئاساییدا نرخی مانەوە بۆ رۆژێک لە کابینەکانی سەیرانگەی دوکان 100 دۆلارە و هەر کەپرێکیش 40 هەزار دینارە، بەڵام بۆ رۆژانی 21 و 22ی ئەم مانگە ھەر کابینەیەک بە 800 دۆلار و هەر کەپرێکیش بە 100 دۆلار بە کرێ دراون.

خاوەنی پرۆژەیەکی دیکەی گەشتیاریش دەڵێت، “بەھۆی ئەوەی لە ڕۆژی 21 ئەم مانگەدا خەڵکێکی زۆر سەردانی دوکان دەکەن، لە ئێستاوە ھیچ کەپرێکمان نەماوە.”

رێژین رەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزای دوکان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە پڕۆژە گەشتیارییەکانی دوکان دەستیان کردووە بە ئامادەکاری بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز.

لە سەیرانگەی دوکان نزیکەی سێ ھەزار کەپری گەشتیاری، ھەزار کابینە و ھۆتێل و مۆتێل هەن، شوێنە گەشتیارییەکان لە رۆژدا توانای پێشوازیکردنیان لە 50 ھەزار گەشتیار ھەیە.