سەرۆکی حکومەت ئەرشیڤی کۆنترین کتێبخانەی دهۆک دەپارێزێت

964+
عەمار عەزیز

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لەسەر کتێبەکانی ئەحمەد زەرو خاوەنی کۆنترین کتێبخانە لە دهۆک، کە بەشێک لە کتێبەکانی لەبەر باران بوون بەهۆی نەبوونی شوێن بۆ پاراستنیان، سەرۆکی حکومەت کێشەکەی چارەسەرکردووە بە قسەی ئەحمەد خۆی.

ئەحمەد زەرو، خاوەنی کۆنترین کتێبخانەیە لە شاری دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، لە ساڵی 1978کتێبخانەی لە دهۆک کردووەتەوە، تاوەکو ساڵی 2020 کتێبخانەکەی کراوە بووە، بەڵام بەهۆی کەمی فرۆشتنی کتێب و کۆمەڵێک هۆکاری تر نەیتوانیوە بەردەوام بێت و ناچاربووە دوای زیاتر لە 40 ساڵ دەرگاکەی دابخات.

باسی لەوەشکرد، نزیکەی 10هەزار کتێبی هەیە، لە ماڵەوە شوێن نەبووە دایبنێت، ماڵی لاوان لە دهۆک شوێنێکیان بۆ دابینکردووە، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی کتێبەکان لەوێش شوێنی هەموویان نەبووەتەوە، هەربۆیە ناچاربووە لە حەوشەی ماڵی لاوان دایان بنێت و بەوەش باران لێیداون و بەشێکیان خراپ بوون.

بە قسەی ئەحمەد، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتەکە دەبیستێت، پەیوەندی پێوە دەکات و فەرمان دەکات بە پارێزگای دهۆک کێشەکەی بۆ چارەسەر بکەن.

ئەحمەد وتی، تەواوی کتێبەکانی دەگوێزرێتەوە بۆ “کتێبخانەی بەدرخان” لەو دەپارێزرێن و دەمێننەوە.