بەم هەینییە جوتیارانی رانیە دەتوانن چەکی پارەکانیان وەرگرن
964+
توانا نەقی
سایلۆی رانیە لە راگەیەندراوێکدا، ئاگاداری سەرچەم جوتیارانی سنوورەکەیان دەکات کە ئەمڕۆ هەینی 3.3.2023 چەکی پارەکانیان دابەش دەکەن.
چەکەکان هی پارەی گەنمی جوتیارانه بۆ ساڵی 2015یە کە رێژەکەی لە 32٪ی ماوە وەریبگرن، دەتوانن لە کاتژمێر 9:30 خولەکەوە سەردانیان بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، دەبێت جوتیاران ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتیمانی لەگەڵ ئەو بەڵگەیەی پێیدراوە لەگەڵ خۆی بەرێت، ئەگەریش بەناوی خۆیەوە گەنمەکە داخڵ نەکرابوو ئەوە دەبێت بریکارنامەی پێبێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، بڕیاریانداوە لە رۆژانی پشوشدا سەرجەم بانکەکان کراوەبن بۆ دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران.
چەند رۆژێکە پارەی گەنمی جوتیاران کە تایبەتە بە شایستە داراییەکانی 2015ی جوتیاران دەستکراوە بە دابەشکردنی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
بڕی پارەکەش 139 ملیار و 687 ملیۆن دینارە، بەمشێوەیە دابەشکراوە بەسەر پارێزگاکاندا، هەولێر 60 ملیار و 569 ملیۆن و 748 هەزار دینار، سلێمانی 44 ملیار و 129 ملیۆن و 404 هەزار دینار، لە دهۆکیش 34 ملیار و 987 ملیۆن و 911 هەزار دینارە.