"تا بە رەسمی نەناسێندرێت ئەو کارە ناکرێت"

ساغکردنەوە .. هاتووچۆی گەشتیاری لە مەرزی کێلێ دەستی پێنەکردووە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هاتووچۆی گەشتیاری لە مەرزی کێلێ دەستی پێنەکردووە و بەرپرسێکی هەرێم دەڵێت، چاوەڕێی بەغدان دان بە رەسمیبوونیدا بنێت.

دوێنێ پێنجشەممە 2.3.2023 لە بەشێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان وا بڵاوکرایەوە هاتووچۆی گەشتیاری لە هەرێمەوە بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە کراوەتەوە.

تۆڕی 964 سۆراغی ئەو پرسەی کرد و بۆی ساغ بووەوە، کە تائێستا هاتووچۆی گەشتیاری لە مەرزەکە رێگەی پێنەدراوە.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و وڵاتی ئێران بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: هەتا مەرزەکە بە رەسمی لە لایەن حکومەتی عێراقییەوە نەناسێندرێت، هاتووچۆی گەشتیاری لە مەرزی کێلێوە رێگەی پێنادرێت.

دەشڵێت، بەردەوام لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر خەتن تا بڕیاری بە رەسمیناساندنی مەرزی کێلێ بدات “بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە نەدراوە”.

مەرزی کێلێ دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی قەزای پشدەرەوە لە ئیدارەی راپەڕین، لە ساڵی 1992ـەوە بەشێوەیەکی نافەرمی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێوە دەکرێت.