رەنگی رووباری باڵەکایەتی گۆڕاوە
964+
ئاسۆ وەرتی – سۆران
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و توانەوەی بەفری چیاکان، رەنگی ئاوی رووباری دەڤەری باڵەکایەتی گۆڕاوە و مەیلەو قاوەییە.
ساڵانە لەم کاتەدا، بەفری چیاکان بەرەو توانەوە دەچێت و تێکەڵ بە خۆڵ و تۆزی بن شاخەکان دەبێتەوە.
رووباری باڵەکایەتی لە ئاوی کانیاوی شێخی باڵەکان و بەفری چیاکانی دەوروبەری پێکدێت، بە درێژایی رێگای هامڵتۆن درێژ دەبێتەوە و لەگەڵ رووباری گەلی عەلی بەگ یەکدەگرن و دەڕژێنە زێی گەورە.
بە سۆراغی 964، رەنگی رووبارەکە گۆڕاوە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە پێیانوایە باش نییە وا بە زووی بەفر بتاوێتەوە چونکە بە تەجروبەی خۆیان دەبێتە هۆی هاوینی گەرم و وشک.
هاوڵاتیانی ناوچەکە سوود لە رووباری باڵەکایەتی دەبینن بۆ کوشتوکاڵکردن و گەشتوگوزار، بە درێژایی رووبارەکە چەندین پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر رووبارەکه دروستکراون لەلایەن هاوڵاتیان، هەروەها سەرچاوەیەکی گرنگیشە بۆ راوەماسی.