کافێ پشیلەت بیستووە لە هەولێر؟

وێنەی تایبەت میدیازان

ڤیدیۆ

میدیازان – مەریەم ئەحمەد – هەولێر

 دوو کچە ئامۆزا کە عەرەبن و خەڵکی سوریان، کافێیەکیان لە هەولێر کردووەتەوە تایبەت بەو کەسانەی پشیلە بەخێو دەکەن یان پێیان خۆشە ئەو ئاژەڵە ببینن.

میدیازان چاوی گێڕا بە کافێکەدا، کە دەکەوێتە گەڕەکی نازنازی هەولێر، بینی کراوەتە دوو بەش، بەشێک بۆ یاریکردن لەگەڵ پشیلەکان و بەشێکی دیکە بۆ خواردن و خواردنەوەی میوانەکان.

 ئایە محەمەد، یەکێک لە کچەکانە، ئەو ئەندازیارە و بەم جۆرە باسی مەبەستی کردنەوەی کافێکەیانی کرد بۆ میدیازان، “کردنەوەی ئەم کافێیە پەیامێکە بۆ خەڵکی تاوەکو ئاگاداری پشیلەکانیان بن و بزانن چۆن لە ماڵەوە بەخێویان دەکەن و خۆراکیان پێدەدەن”.

 بە قسەی ئەوان، بیرۆکەی کردنەوەی ئەم جۆرە کافتریایە، یەکەمجار لە ژاپۆن بووە و دواتر گەیشتووەتە سعودیە و ئیماراتیش، “ئێمەش حەزمان کرد لە هەولێر بیکەینەوە، چونکە شارێکی مۆدێرنە و هەموو رۆژێک شتی نوێ زیاد دەکات”.

 لەبارەی ئەوەی بۆچی لەناو ئاژەڵەکاندا پشیلەیان هەڵبژارد، ئایە باسی لەوەکرد، پشیلەکان سەرنجڕاکێشن و دەتوانن بە زووی ببنە هاوڕێی مرۆڤەکان.

 ئەوان سەرەتا هەژمارێکیان بەناوی Furry Cat Cafe لە ئینستاگرام داناوە، خەڵکێکی زۆر کاردانەوەیی هەبووە و پەیوەندی پێوەکردوون، ئەمانیش بڕیاریانداوە کافێکە بکەنەوە.