گەرمیان و هەڵەبجە داوای دەرماڵە دەکەن

ڤیدیۆ

میدیازان – محەمەد عومەر + هونەر فارس – هەڵەبجە

 سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە و گەرمیان گردبوونەوە، داوای دەرماڵەکانیان دەکرد.

 خوێندکارانی ئەو دوو زانکۆیە ماوەی یەک هەفتە مۆڵەتیان دابوو بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی دەرماڵە بکرێتە یاسا و بەردەوام بێت.

 ئەو دەرماڵەیەی جار جار حکومەت لە رێگەی خوێندنی باڵا بەسەر خوێندکارانی زانکۆ دابەشی دەکات بە یاسا رێکنەخراوە، بەڵکو لەژێر ناوی رێنماییە بۆ هاوکاریکردن، لە هەر کاتێکدا دەکرێت بووەستێندرێت.

 ئەمڕۆ سێشەممە، خوێندکارانی هەڵەبجە و گەرمیان لە بەردەم سەرۆکایەتی زانکۆکانیان گردبوونەوە و وتیان، “تاوەکو لایەنی بەرپرس وەڵاممان نەداتەوە، ئێرە چۆڵ ناکەین”.

 زانیار فاروق، خوێندکارێکی زانکۆی هەڵەبجەیە بە میدیازانی وت، خوێندکاران پێویستیان بەو دەرماڵەیە هەیە، “لێرە ناڕۆین تا چارەسەری نەکەن”.

 بیلال محەمەد، یەکێک لە نوێنەرانی خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، بۆ میدیازان وتی، “لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا پڕۆژە یاسایەکمان بۆ بەیاسایی کردنی دەرماڵە و کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێڵ ئامادەکردووە و داوای زیادکردنی دەرماڵەمان کردووە، بەڵام کەس وەڵاممان ناداتەوە”.

 میدیازان پەیوەندی کرد بە وەزارەتی خوێندنی باڵا، عەباس ئەکرەمی وتەبێژ وتی کە ئێستا دەچنە کۆبوونەوە و تێیدا باسی ئەو بابەتەش دەکەن، لەوە زیاتری ئاشکرا نەکرد.

 دەرماڵەی خوێندکاران تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ و هاتنی داعش و قەیرانی دارایی لە کاتی خۆیدا دابەشدەکرا، بەڵام لەوکاتەوە بە شێوەی پچڕپچڕ هەبووە.  ساڵی رابردوو ٢٠٢١، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە خەرجکردنی دەرماڵە بۆ ئەو ساڵە، بەڵام بۆ وەرزی نوێی خوێندنی ئەمساڵ نادیارە.