هەفتەیەکی تر باشترین کاتە بۆ چاندنی گەنم

میدیازان – سەعید محەمەد – خەبات

ئەمڕۆ لە قەزای خەباتی هەولێر، وۆرکشۆپێک کراوەتەوە بۆ جوتیاران، شارەزایانی بوارەکە وتویانە لە رۆژی ١٦ی ئەم مانگەوە باشترین کاتە بۆ چاندنی گەنمی ئەمساڵ.

 وۆرکشۆپەکە لەلایەن پەیمانگەی تەکنیکی خەبات سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کراوەتەوە، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشوکاڵی قەزاکە.

 ژیان حەمید، ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری وۆرکشۆپەکە بە میدیازانی وت، “مەبەستمان زیاتر هاوکاریکردنی جوتیارانە بۆ ئەوەی لە کاتێکی گونجاو بە شێوازێکی باش گەنم بچێنن و سوود لە بەرهەمەکەی وەربگرن”.

 وۆرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە جوتیارانی سنوری خەبات و بەشێک لە جوتیارانی  هەولێر و فەرمانگەی کشتوکاڵ و قائیمقامیەت و مامۆستایانی پەیمانگەی تەکنیکی خەبات و نوێنەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەرێوەچوو.

 بەگوێرەی نەریتی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، لە مانگی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک گەنم چاندن دەستپێدەکات.

بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە – میدیازان

 لە وۆرکشۆپەکەدا بە جوتیاران وتراوە، کە باشترین کات بۆ چاندنی گەنمی ئەمساڵ، لە رۆژی ١٦ی تشرینی دووەمەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایی مانگەکە، بەپێی توێژینەوەیەکی کشتوکاڵی.

بە قسەی قسەکەرانی وۆرکشۆپەکە، سنوری خەبات بۆ چاندنی گەنم شیاوە، چونکە سەرچاوەی ئاوی زێی گەورەی لێیە لەگەڵ سەرچاوەی ئاوی پرۆژەکان و ٧١٨ بیری کشتوکاڵی.

 عەدنان کانەبی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی خەبات، بە میدیازانی وت، لە سنوری قەزاکەیان نزیکەی ٨٨ هەزار دۆنم زەوی هەیە شیاو بێت بۆ کێڵان، لەو رێژەیە ٧٥ هەزار دۆنمی گەنم و جۆیە.

 وتیشی، لە سنوری خەبات نزیکەی دوو هەزار و ١٠٨ جوتیار و ٣٠ گوندی کشتوکاڵی هەن.