هونەرمەندانی شێوەکاری کورد به‌شداریی رۆژی نیشتمانی ئیمارات ده‌كەن

سه‌رۆكی شانده‌كه‌؛ له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆمان دەچین

میدیازان – ئەرسەلان عەبدوڵلا – دیسکی هەولێر

هه‌شت هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاریی كورد به‌شداریی ئاهه‌نگه‌كانی رۆژی نیشتمانی ئیمارات ده‌كه‌ن، سه‌رۆكی شانده‌كه‌ش دەڵێ له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان به‌شداریی ده‌كه‌ن.

هونەرمەندی شێوەکار عه‌لی كازم، کە بە عەلی ئەڵوەنی ناسراوە، به‌ میدیازانی راگەیاند هه‌شت هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری كورد به‌شداری رۆژی نیشتمانی ئیمارات ده‌كەن.

“هەشت هونەرمەندی شێوەکاری کورد بەشداری رۆژی نیشتمانی ئیمارات دەکەن”

ئەڵوەنی کە خۆی سەرپەرشتی ئەو تیمە هونەرییە دەکات، روونی کردەوە کە ئەوان لەچوارچێوەی كۆمه‌ڵه‌ی موشكاتی عێراقی، کە کۆمەڵەیەکی هونەرییەو سه‌ر بەوه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراقه‌، بەشداری یادەکە دەکەن کە ئەوانیش لەلایە‌ن دامه‌زراوه‌ی ئیمارات بۆ به‌رهه‌مهێنانی هونه‌ری و رۆشنبیری بانگێشت کراون.

رۆژی دووی كانوونی یه‌كه‌می 2022، رۆژی نیشتمانی ئیماراتی عه‌ره‌بییەو، ئه‌مساڵ ٥١ـیەکەمین ساڵیادی دامه‌زراندنیەتی و، لە ٢٧ـی ئەم مانگەوە ئاهەنگ و فێستیڤاڵ ده‌ستپێ ده‌كات و، هه‌شت رۆژ ده‌خایه‌نێت.

ئەڵوەنی دەڵێت، لە کوردستان کەس پشتگیری نەکردین و کەسیش ئامادە نەبوو سپۆنسەرییمان بکات، بۆیە تەواوی خەرجییەکە لەسەر گیرفانی خۆمانە.

“بەهۆی نەبوونی سپۆنسەر و پشتگیری لەسەر گیرفانی خۆیان وەک کوردێک بەشداری دەکەن”

زیاتر وتی “هونەرمەندانی ژماره‌یه‌كی زۆری وڵاتانی جیهانی و عه‌ره‌بی به‌شداریی فێستیڤاڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئێمەش لەوێ به‌شێكی کارەکانمان له‌ كه‌نار ده‌ریا نمایش دەکەین، بەشێکیشی لەیه‌كێك لەهوتێله‌كانه‌ لەناوچه‌ی جوبێر، كە‌ هه‌ر له‌وێدا گه‌وره‌ترین چەتر له‌ جیهاندا بەو بۆنەیەوە نمایش ده‌كرێت”.