“بەبێ دەرماڵە خوێندن پەکدەخەین”

میدیازان – هونەر فارس – گەرمیان

ڤیدیۆ

ماوەی دوو رۆژە خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، هەڵەبجە و چەرمۆ ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و لە دژی پێنەدان و دواکەوتنی دەرماڵەکانیان خۆپیشاندان دەکەن، دەڵێن دەبێت پێدانی دەرماڵە بە یاسایی بکرێت، ئەگەرنا “خوێندن پەکدەخەین.”

بە دروشمی “ئامانجمان روون و دیارە کۆتا رێمان فشارە، دەرماڵە.. دەرماڵە”  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بۆ رۆژی دووەم خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، لەبەردەم باڵەخانەی زانکۆ گردبوونەوە و داوای بەیاسایی کردنی دەرماڵە و گێڕانەوەی دەرماڵەکانیان دەکەن.

داوایەکی دیکەی خوێندکاران زیادکردنی بڕی دەرماڵەیە، دەڵێن دەبێت دەرماڵەی ناو شار بۆ ١٠٠ هەزار دینار و هی دەرەوەی شاریش بۆ ١٥٠ هەزار دینار زیاد بکرێت.

محەممەد عوسمان، یەکێک لە نوێنەرانی خوێندکارانی زانکۆی گەرمیانە، بە میدیازانی وت، “گردبوونەوەکەمان پەیوەستە بە دابەشکردن و بەیاسایی کردنی دەرماڵە، ئەگەر دابەشبکرێت تاوەکو بەیاسایی نەکرێت بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندانەکانمان.”

تاوەکو ئێستا خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەرماڵەی مانگی ٩ و ١٠ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، بڕی دەرماڵە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی ئەو شارەی کە تێیدا دەخوێنن ٦٠ هەزار دینارە، بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە شارەکانی خۆیان دەوام دەکەن ٤٠ هەزار دینارە.

بە پاساوی‌ خراپی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و وەستانی‌ بودجەی‌ هەرێم لە بەغدا و دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت و شەڕی‌ داعش، نزیکەی شەش ساڵ پێدانی دەرماڵە راگیرا، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە فشاری خوێندکاران جارێکی دیکە پێدانی دەرماڵە دەستیپێکردەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان نزیكەی ١٣٠ هەزار خوێندكار لە وەرگرتنی ئەو پاڵپشتییە داراییە سوودمەند دەبن و مانگانە نزیکەی شەش ملیار دیناریان پێویستە.