بە تۆمەتی کوشتنی چۆلەکە دوو کەس دەستگیرکران

میدیازان – هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە شارەزوور دوو کەس دەستگیرکراون بە تۆمەتی کوشتنی چۆلەکە و کۆتر، پۆلیسی دەڤەرەکە وا دەڵێت.

ئەو دوو کەسە، بە یەکجار ٦٠ چۆلەکە و حەوت کۆتری کێویان کوشتووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی وێنەی چۆلەکە و کۆترە کوژراوەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دەستگیراوە بەسەر چەکێکی جۆری “بادی.”

هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە میدیازانی وت، ژمارەی چۆلەکە کوژراوەکان زیاتر لە ٦٠ دانەن، کۆترەکانیش کە لە جۆری کۆتری کێوین حەوت دانەن و بە چەک لەلایەن تۆمەتبارەکانەوە کوژراون.

هێمن کەمەرخان وتیشی، ئەو کەسانە بە بڕیاری دادوەر و بە مەبەستی رێگریکردن لە کوشتنی باڵندەی کێوی دەستگیرکراون.

بەپێی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ماوەی ١٠ مانگی رابردوودا لەسەر راوکردنی باڵندەی کێوی ٦١ کەس دەستگیرکراون.