پسپۆڕێکی ژینگە: رێژەی سەوزایی کەلار ناگاتە سەدا پێنج
میدیازان – هونەر فارس – گەرمیان
پسپۆڕێکی ژینگە دەڵێت، رێژەی سەوزایی لە کەلار ناگاتە ٥٪، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانی و ئاووهەوای گەرمیان، دەبێت ٢٠٪ بێت.
عەبدولموتەلیب رەفعەت، پسپۆڕی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو بە میدیازانی وت، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و پاشماوە و پاشەڕۆکان وایکردووە ژینگە بەشێوەیەکی گشتی گۆڕانکاریی نەرێنی بەسەردابێت، گەرمیانیش بەدەر نییە لەو گرفتە.
هەر بەو بۆنەیەوە، ئەمڕۆ لە کەلار کۆنفرانسێکی ژینگەیی بەسترا، بە سەرپەرشتی رێکخراوی رەنگ و بەشداری لایەنە حکومییەکانی بواری ژینگە.
کۆنفرانسەکە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەسەر کەمکردنەوەی زیانەکانی ژینگە لەسەر تاک و بەرەوپێشبردنی توانای چالاکوانانی بواری ژینگەی ناوچەکە.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا دەرئەنجامی ٢٥ سیمینار کە بۆ ٢٥ راهێنەری ژینگەیی ناوچەکە ئەنجام درابوو، دەکرێت بە راپۆرت و لە کۆنفرانسێکی دیکەدا کە لە شاری بەغداد ئەنجام دەدرێت گفتوگۆیی لەبارەوە دەکرێت و دەرئەنجامەکەی دەدرێت بەرڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی سپۆنسەری ژینگەیی بۆ وەربگیرێت و لە گەرمیاندا کاری لەسەر بکرێت.