“چەند مۆتێل و ڤێلای بچووك هەیە بۆ كرێ بەڵام هۆتێلی گەورەی تێدانییە”

لە هەورامان هۆتێل نییە

964+

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

لە دەڤەری هەورامان هیچ هۆتێلێكی گەورەی لێ نییە، تەنیا چەند مۆتێل و خانوێكی تێدایە كە كراون بە هۆتێل و مۆتێل بۆ كرێ.

دەڤەری هەورامان لە خورماڵەوە  دەستپێدەكات تا دەگات بە تەوێڵە، لە هەڵەبجەشەوە لە گوندی خەرپانێوە دەستپێدەكات تا دەگاتە تەوێڵە، پێكدێت لە ناحەی خورماڵ و تەوێلە و بیارە، لەگەڵ چەندین گوند و ناوچەی گەشتیاری، وەك سەرچاوەی زەڵم و  سەیرانگای مێشڵێ و چەند ناوچەیەكی دیكە.

گەشتیارە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی سەیرانگای ئەحمەد ئاوا و تەوێڵە و بیارە دەكەن، بەڵام گەشتیارانی ناوچەكانی خوارووی عێراق زیاتر سەردانی سەرچاوەی زەڵم دەكەن.

یەكێك لە كێشەكانی دەڤەری هەورامان ئەوەیە كە هۆتێل و مۆتێلی گەورەی تێدانییە بۆ مانەوەی گەشتیاران، بۆیە ناچارن بگەڕێنەوە بۆ شارەكانی دیكەی وەك سلێمانی و هەڵەبجە.

هەندێك خانوو نۆژەنكراونەتەوە و كراون بە شوێنی مانەوەی شەوان بەڵام زۆر نین و بێ خزمەتگوزارین.

هەورامان جەلال، وتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە 964ی وت، لە تەوێڵە هۆتێلێكی زۆر جوان دروستكراوە بەناوی هۆتێل جەواهێر، بەڵام تەواو نەكراوە، لە بیارە و زەڵمیش بەنیازن دروستی بكەن.

ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیاری ناوخۆ و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی دەڤەری هەورامان و ناوچە شاخاویەكانی ئەو ناوچەیە دەكەن.