چووی بۆ سلێمانی سەرێک لەژێر پردەکە بدە

میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی

ژێر پردەکەی سلێمانی بەوە ناسراوە، کەم ئاژەڵ و پەلەوەر هەیە بۆ خواردن شیاو بێت و لێی دەستنەکەوێت، ئەم وەرزەش کە کاتی خواردنی قەل و قازە، چاوەڕێدەکرێت هاوڵاتیان بە لێشاو رووی تێبکەن.

ژێر پردەکە دەکەوێتە ناوبازاڕی گەورەی سلێمانی لە شەقامی مەولەوی بەرەو بەر دەرکی سەرا، بە تایبەتی لە رۆژانی هەینی خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکات.

بەڵام بە قسەی فرۆشیاران، ئێستا کەمتر لە جاران خەڵکی دێنە ژێر پردەکە بۆ کڕینی پەلەوەر، پێیانوایە هۆکارەکەی بارودۆخی ئابورییە.

لوقمانی حاجی خدر، فرۆشیاری پەلەوەرە و بە میدیازانی وت، “ھەموو رۆژانێکی ھەینی لە قەڵادزێوە دێینە سلێمانی، لەم بازاڕە قەل و قاز و مراوی و ھەرچی پەلەوەر بێت لێرە دەیفرۆشین، ئەم ھەینیە بازاڕ باش نەبوو، ھەفتەکانی پێشتر باشتر بوو”.

لەبارەی نرخی قەلەوە وتی، مەسڵەحە کیلۆی ١٣ بۆ ١٤ ھەزار دینارە و قەلی کوردیش کیلۆی تا ٢٠ ھەزار دەڕوات.

ئاری محەمەد، فرۆشیارێکی دیکەیە و لەبارەی ئاژەڵی دەگمەنەوە وتی، “ئاژەڵی دەگمەن زیاتر لە پایتەخت ھەیە بۆ نمونە لە شاری بەغداد قەدەغە نییە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی کێوی، بەڵام لە سلێمانی ئاژەڵی دەگمەن قەدەغەیە، چونکە قائیمقامیەت بەردەوام چاودێری ئەم بازاڕە دەكات”.

ئەوەشی خستەڕو، قائیمقامیەتی سلێمانی باڵندەکانی وەک باز و ھەڵۆ و کێویەکانی قەدەغە کردووە، سمۆرە و ئاسکە کێوی و کەڵەکێوی قەدەغەن بە ھەمان شێوە.

سەردار محەمەد لە خورماڵەوە ھاتوە و رایگەیاند، رۆژانی ھەینی قەل و قاز و مریشک و کەڵەشێر دێنن، لە خورماڵەوە قەلی کوردیان ھێناوە، کەسانێک ھەیە پاشەڕۆی مریشک دەکەن بە ئالیک و دەرخواردی قەلی دەدەن، بەڵام بە قسەی ئەم، قەلەکانی خۆی تەنھا جۆیان خواردووە.