مۆندیالیش خولی تۆپی پێی كوردستان ناوه‌ستێنێت
میدیازان – ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا- هه‌ولێر
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وەو ده‌ستپێكردنی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ڕ، خولەکانی تۆپی پێ له ئه‌وروپاو ئەمەریکای لاتین و زۆرینەی وڵاتانی دنیا ده‌وه‌ستن، به‌ڵام له كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.
جه‌لال سه‌عید، وته‌بێژی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان به میدیازانی راگه‌یاند، خوله‌كانی تۆپی پێی كوردستان به بۆنه‌ی ده‌ستپێكردنی مۆندیاله‌وه ناوه‌ستن.
وتیشی “خوله‌كانی كوردستان هیچ په‌یوه‌ندییان به مۆندیاله‌وه نییه، چونكه یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان سه‌ر به فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی تۆپی پێ (فیفا) نییه، جگه له‌وه‌ش هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان به‌شداریی مۆندیال ناكات، هه‌روه‌ها عێراقیش به‌شدار نییە، بۆیه مۆندیال هیچ كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر خولی تۆپی پێی کوردستان نابێت”.
له كوردستان، هه‌موو وه‌رزێك چه‌ند خولێكی جیاوازی تۆپی پێ دێنه ئه‌نجامدان، له‌وانه خوله‌كانی “نایاب، پله یه‌ك، پله دوو، لاوان، تازه‌پێگه‌یشتووان و فوتساڵی كچان”، كه له لایه‌ن یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.
ئێسته خولی نایابی کوردستان، پێنج گه‌ڕی لێ به‌ڕێوه‌چووه و خولی پله یه‌كیش دووشه‌ممەی داهاتوو ده‌ست پێ ده‌كات.
لەگەڵ ئەوەی عێراق بەشداری مۆندیالیش ناکات، کەچی خولی تۆپی عێراق لە هەفتەی رابردووەوە وەستاوە، هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق کە ئێستا کەمپێکی لە ئیسپانیا کردووەتەوە، لەم ماوەیەدا چوار یاریی دۆستانە ئەنجام دەدات، لەگەڵ مەکسیک یاریی کرد و یارییەکەشی دۆڕاند، ئەمڕۆش بڕیارە لەگەڵ ئیکوادۆر یاریی بکات.
وته‌بێژی یه‌كێتیی تۆپی پێی کوردستان دەڵێ، وه‌ستانی خوله‌كانی كوردستان كاریگه‌ری خراپی بۆ سه‌ر یانه‌كان و یاریزانه‌كانیش ده‌بێت، بۆیه بڕیاری راگیرانی نەدرا.
مۆندیالی تۆپی پێ، رووداوێكی گه‌وره‌ی وه‌رزشیی جیهانییه، چوارساڵ جارێك به‌ڕێوه ده‌چێت، مۆندیالی ئەمساڵیش کە لە قەتەڕ بەڕێوە دەچێت، رۆژی 20ـی ئه‌م مانگه بە یاریی نێوانی قەتەری خانەخۆو ئیکوادۆر ده‌ستپێده‌كات.