پاره‌ی دڕاوی موچە مامۆستایان نیگەران دەکات

میدیازان – ئەرسەلان عەبدوڵلا – هه‌ولێر

مامۆستایان، لە موچەی مانگی تشرینی یەکەمدا زۆرترین پێنج هەزاری دڕاویان وەرگرتووە، ئەمەش نیگەرانی کردوون، سەرچاوەیەکی ئاگاداریش دەڵێ پارەکە هی باج و رسومانی ناوخۆ بووە.

(ع. س) مامۆستایه‌كی كوردستانه‌ و به‌ میدیازانی راگه‌یاند، له‌ موچه‌ی ئه‌م مانگه‌دا به‌شێكی زۆری پاره‌كانیان دڕاو و شێواوی تێدابوو، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه‌ زه‌حمه‌ته‌.
ئەو مامۆستایە کە مامۆستای قوتابخانەیەکی ئامادەییە لە شاری هەولیر وتیشی “به‌شێكی زۆری پاره‌ دڕاوه‌كان، پێنج هه‌زاری دڕاو بوو، كه‌ هه‌ندێكیان سه‌ر و گوێیان بڕا بوو”.

هاوکات مامۆستایه‌كی تر به‌ ناوی “ز. ح” كه‌ مامۆستای قوتابخانەیەکی بنەڕەتییە لە شاری هەولێر، به‌ میدیازانی وت “موچه‌كه‌ی منیش به‌شێكی پاره‌ی دڕاوی تێدا بوو، له‌ بازاڕ و دوكانه‌كانیش لێمان وه‌رناگرن، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه‌ ناخۆشه‌ و زه‌ره‌رمه‌ندین”.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ بانكێکی هەولێر کە موچەی فەرمانبەران دابەش دەکات، پشتڕاستی ئەو زانیارییەی بۆ میدیازان کردەوە کە لە موچەی ئەم مانگەدا زۆرترین پێنج هەزاری دڕاوی تێدا بووە، روونی کردەوە کە ئه‌و پارە دڕاوە داهاتی باج و رسوماتی ناوخۆی كوردستانه‌، ئه‌و پارانه‌ش كۆنن و دڕاوی تێكه‌وتووه‌.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مانگانه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ رێگه‌ی فرۆشتنی نه‌وت و كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ و ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا دابین ده‌كات.