مرۆڤایەتی دەبێتە هەشت ملیار کەس

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

ئەمڕۆ ژمارەی مرۆڤەکان لەسەر زەوی دەبێتە هەشت ملیار کەس، بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لە ئێستادا ژمارەیان نزیکەی حەوت ملیار و ٩٩٩ ملیۆن و ٦٥٠ هەزار کەسە.

لە رۆژێکدا ٣٥٠ هەزار منداڵ لە تەواوی جیهان لەدایکدەبن، بەوەش لە کۆتایی ئەمڕۆدا، ژمارەی مرۆڤەکان دەگاتە هەشت ملیار، بە قسەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی.

لە نێوان ١٩٥٠ بۆ ٢٠٢٢، مرۆڤایەتی پێنج ملیار و ٥٠٠ ملیۆن ئەندامی نوێی بۆ زیاد بووە، لە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن بۆ هەشت ملیار.

زیادبوونی ئەو ژمارەیە لەکاتێکدایە، زیاتر لە ٨٦٥ ملیۆن کەس لە جیهاندا هەڕەشەی برسێتییان لەسەرە و زیاتر لە ٧٧٧ ملیۆن کەسیش دەستیان بە ئاوی پاک ناگات بۆ خواردنەوە، بەگوێرەی رێکخراوی خواردن و کشتوکاڵ (FAW)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەوە جگە لەوەی بە تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە ١٣ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە بەهۆی برسێتییەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانێکە هۆشداری دەدات سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی مرۆڤایەتی بەم خێراییە، داوا لە وڵاتان دەکات پلانی تایبەت بۆ روبەڕوبوونەوەی دابنێن، تاوەکو بەشێوەی یەکسان خواردن و خواردنەوە هەبێت بۆ تاکەکان.

وڵاتی چین زۆرترین دانیشتووانی هەیە بە یەک ملیار و ٤٥٢ ملیۆن، هیندستان دووەمە بە یەک ملیار و ٤١٢، ئەمریکا سێیەمە بە ٣٣٥ ملیۆن، هەروەها عێراق لە پلەی سی و شەشدایە، بە ٤٠ ملیۆن کەس.