مردنی سەیوان ناڕوونە

میدیازان – دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

گیان لەدەستدانی سەیوان محەمەدی ١٧ ساڵ و ناڕەزایەتی کەسوکارەکەی لە مردنەکەی، وای لە پۆلیسی سلێمانی کردووە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە پێکبهێنن.

سەهەند محەمەد، کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵ بوو، دوای ئەوەی بە بڕیاری ٤٠٥ـی یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە هەوڵدان بۆ کوشتن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت، کاتژمێر ٣ـی پاشنیوەڕۆی دوێنێ شەممە لە لایەن بنکەی پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیر دەکرێت، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک گیان لەدەست دەدات.

خیام محەمەد، برای سەهەند بە میدیازانی وت، “ئێمە شایەت و بەڵگەمان هەیە کوڕەکەمان لێی دراوە و لە بنکەی پۆلیس کوژراوە، بەڵام ئەوان سەرجەم کامێراکانی بنکەی پۆلیس و شوێنی دەستگیرکردنەکەشیان سڕیوەتەوە”.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو کەیسە پێکهاتووە و لیژنەکە سبەینێ دووشەممە دەستبەکار دەبێت.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا باسی لەوە کرد، “ئێمە لەسەر ئەو رووداوە لیژنەمان پێکهێناوە و بەڵێنیشمان بە کەسوکاری داوە هەر کەمتەرخەمییەک هەبێت بە یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکەین”.

وتیشی، “ئەو کوڕە دەستگیرکراوە و دواتر رایکردووە و لە گەڕەکی سەرچنار دەستگیرکراوەتەوە”.

سەبارەت بە دەنگۆی سڕینەوەی کامێراکانی چاودێریش، پۆلیس دەڵێت با لیژنەکە بڕیاربدات کە ئایا کوژێندراونەتەوە یان پێشتر لەکارکەوتوون.