گه‌وره‌ترین رووداوی وه‌رزشیی ساڵ له هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چێت
میدیازان – ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
بڕیاره نۆیه‌مین ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر به به‌شدارییه‌كی فراوان ئه‌نجام بدرێت، له ئێستاشه‌وه ناونووسین بۆ به‌شداریكردن ده‌ستی پێكردووه.
عه‌بدولسه‌تار عیسمه‌ت، سه‌رۆكی رێكخراوی ماراسۆن بۆ وه‌رزش و ئاشتی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ١٣ـی تشرینی دووه‌م، به میدیازانی راگه‌یاند، رۆژی ٢٥ـی ئه‌م مانگه، نۆیه‌مین ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چێت.
وتیشی “دوو جۆر پێشبڕكێ دێنه ئه‌نجامدان، یه‌كێكیانى نیو ماراسۆن و ئه‌ویتریش راكردنی چوار كیلۆمه‌تره، هه‌ردوو پێشبڕكێیه‌كه‌ش له ده‌وروبه‌ری پاركی سامی عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌نجام ده‌درێن”
ئه‌مساڵ نۆیه‌مین ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، له ژێر ناونیشانی “ئاشتی، ئارامی و ئاوه‌دانی” به‌ڕێوه ده‌چێت، كه له‌وه‌ته‌ی ساڵی ٢٠١٩ـەوە به هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەستێنرا بوو.
عه‌بدولسه‌تار عیسمه‌ت ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، ئه‌مساڵ راكردنی چوار كیلۆمه‌تر بەشیوەیەکی کراوە بەڕێوە دەچێت و خێزانه‌كانیش ده‌توانن به‌شداربن، خه‌ڵات و دیارییش دابین كردووه، کە پێشتر خه‌ڵات بۆ ئه‌م پێشبڕكێیه نه‌بوو.
“جگه له خه‌ڵكی كوردستان، پێشبینیی ده‌كه‌ین ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هاوڵاتیانی بیانی به‌شداریی ماراسۆنه‌كه بكه‌ن، كه هه‌ندێكیان له ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌وه دێن”. عه‌بدولسه‌تار عیسمه‌ت وای وت.
“پێشبینیی ده‌كه‌ین ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هاوڵاتیانی بیانی به‌شداریی ماراسۆنه‌كه بكه‌ن”
له دوا ماراسۆندا کە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوە چوو، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و هه‌ندێك له وه‌زیر و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی كوردستان و، ژماره‌یه‌ك كونسڵی وڵاتانیش له كوردستان، به‌شداربوون.
سه‌رۆكی رێكخراوی ماراسۆن بۆ وه‌رزش و ئاشتی بۆ میدیازانی ئاشكرا كرد، بۆ ئه‌مساڵ بانگهێشتنامه‌یان بۆ به‌رپرسانی باڵای كوردستان و كونسڵخانهكان ناردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی بكه‌ن.
رێكخراوی ماراسۆن بۆ وه‌رزش و ئاشتی، كه سه‌رپه‌رشتیی ماراسۆنه‌كه ده‌كات، له ئێستاوه ده‌رگه‌ی ناونووسینی بۆ ئاره‌زوومه‌ندان و وه‌رزشوانان كردووه‌ته‌وه.
عه‌بدولسه‌تار عیسمه‌ت گوتی: ئێستا ناونووسین له رێگه‌ی ئینته‌رنێت و ته‌له‌فۆن ده‌كرێت، به‌ڵام له رۆژانی داهاتوو چه‌ند شوێنێك دیاریی ده‌كرێن و خه‌ڵك راسته‌وخۆ ده‌توانن خۆیان ناونووس بكه‌ن.
رێكخراوی ماراسۆن بۆ وه‌رزش و ئاشتی ساڵی ٢٠٠٨ دامه‌زراوە، یه‌كه‌م ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێریش له ٢٠١١ بەڕێوەچوو، تا ئێستاش هه‌شت ماراسۆن كراوه، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی ده‌یان پێشبڕكێی تری راكردن و پایسكلسواری رێكخستووه.