پانکەکە تۆزی ساڵێکی لەسەرە

هەستیارترین شوێنی نەخۆشخانەی كۆماری پیسە

میدیازان – هەژار ئەنوەر – هەولێر

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە هاڵاتییەک لەبەردەم هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی کۆماری لە شاری هەولێر تۆماری کردووەو، دەست میدیازان کەوتووە، دەردەکەوێت کە پانکەیەکی بنمیچ لەناو نەخۆشخانەی كۆماری لە شاری هەولێر، زۆر پیسە.

بەگوێرەی بەدواداچوونی میدیازان، ئاشکرا بووە کە  پانكەكە لەبەردەم هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی كۆمارییەو، رەنگی پانكەكەش بەهۆی زۆری ئەو پیسییەی لەسەری کەڵەکە بووە رەش بووە، ئەم پیسیەش لەكاتێكدایە ڕۆژانە بەدەیان نەشتەرگەری لەم نەخۆشخانەكەیە ئەنجامدەدرێت.

میدیازان، پەیوەندی بە سامان سلێمان فەرمانبەر لە راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر كرد، دەڵێ؛ ئاگاداری نین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین و روونکردنەوەتان لەسەر ئەو بابەتە دەدەینێ.

دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لە چاوەڕوانی وەرگرتنی وەڵام، سامان سلێمان فەرمانبەر لە راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، نەک هەر وەڵامی نەدایەوە بەڵکو وەڵامی پەیوەندییەکانی پەیامنێری میدیازانیشی نەدایەوە.

بەپێی رێنمایی تەندروستیی، مەرجە ئەو شوێنەی نەشتەرگەری تێدا دەکرێت دەوروبەری زۆر پاک بێت و بەردەوامیش بە کەرەستەی پاککەرەوەو دژە ڤایرۆس و بەکتریا پاک بکرێتەوە.