یەك ملیۆن نەمام دەچێنرێن

گەورەترین هەڵمەتی چاندنی نەمام لەسەرتاسەری کوردستان

میدیازان – كوردستان ئەحمەد- هەولێر

وەزارەتی كشتوكاڵ لەسبەینێوە دەست دەکات بە هەڵمەتێک بۆ چاندنی یەک ملیۆن نەمامی بەردارو بێبەر کە جوتیارو قوتابخانەو فەرمانگەکان تیایدا بەشدار دەبن.

 هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەڵمەتەكەوە قسەی بۆ میدازان كردو وتی: هەڵمەتەكە لەسەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، وەزارەتی كشتوكاڵ یەك ملیۆن نەمامی لە جۆری بەردار و بێ بەرئامادە كردووە.

 هەڵمەتەكە بە دوو شێوە بەڕێوەدەچێت بەشی یەكەم لە هەر شارێكی كوردستان ٤٠ جوتیار دەستنیشانكراوە و بەپێی رووبەری زەویەكەی ٣٠٠ تا ٤٠٠ نەمامی بۆدابین دەكرێت و لیژنەیەك سەرپەرشتی كارەكانی دەكات ونەمامە بەردارەكانی پێشكەش دەكرێت، ئەو جوتیارە بەلێهاتووی خزمەت هەڵبژێردراوە و نەمامەكانی پێدەبەخشرێت.

 شێوازی دووەم بریتییە لە پێدانی نەمام بە فەرمانگە و قوتابخانە و شوێنە گشتییەكان كە بەڕێوبەر و بەرپرسەكانی شوێنە گشتییەكان سەرپەرشتی دەكەن و نەمامەكان دەنێژن و چاودێریان دەكەن لە قوتابخانە و دایەنگە و فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها شەقامە گشتییەكان ئەو نەمامانە دەچێنرێن كە بێ بەرن و سێبەر و جوانیان هەیە.

 هەڵمەتەكە بەبێ بەرامبەر بەرێوەدەچێت ،لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بەسەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ دەبێت.