وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بەدوای باڵەخانەی کرێ دەگەڕێت

میدیازان – هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەدوای باڵەخانەیەکدا دەگەڕێت بۆ کرێ، داوا دەکات هەرکەس هەیەتی و تێیدا جێگەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ کەس دەبێتەوە، پەیوەندییان پێوە بکات.

وەزارەتەکە ئەو باڵەخانەیە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵودەبووانی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت، بە قسەی خۆیان.

دکتۆر سەلاح ئەنوەر، راویژکار لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەندامی لیژنەی روبەڕوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە میدیازانی وت، سێ باڵەخانەیان لە سێ شوێن دیاریکردووە کە بەکرێیان بگرن، دووانیان لە هەولێر لە نزیک پرۆژەی ناز سیتی و عەنکاوەن، دانەکەی دیکەش لەسەر رێگەی کۆیەیە.

ئەو دەڵێت، جگە لەو باڵەخانەیەی کە بە نیازن بە کرێ بیگرن، نهۆمێک لە باڵەخانەی چاکسازی گەورانی هەولێریش تەرخان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی نزیکەی ٢٠٠ ئاڵودەبوو.

لە ئێستادا هیچ سەنتەرێکی شیانەوەی ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان نییە و لە بەندینخانەی چاکسازییەکاندا نزیکەی ٩٥٠ ئاڵودەبووی ماددەی هۆشبەر هەن کە ٢٠٠ کەسیان بازرگانی ماددەکە بوون.