تەماتە لەبری دۆشاوی تەماتە

گرانی وایکردووە خواردنگەکانی زاخۆ رێگای تر بدۆزنەوە

میدیازان – شڤان عەبدوڵڵا – زاخۆ
ڤیدیو

ئێستا له‌ خواردنگه‌كه‌یان ته‌ماته‌ی سروشتی به‌كار ده‌هێنن

لە زاخۆ دۆشاوی تەماتە گران بووە، بۆیە هەندێ لەخاوەنی خواردنگەکان لەدروستکردنی شلەدا تەماتە بەکار دەهێنن.

قوتوی دۆشاوی ته‌ماته‌ ئه‌وانه‌ی له‌ توركیاوه‌ دێن، ئێستا نرخیان سێ هه‌زار دیناره‌، له‌ كاتێكدا پێشتر به‌ هه‌زار و پێنجسه‌د تا دوو هه‌زار بوو، هه‌روه‌ها جۆره‌كانی تر، كه‌ به‌رهه‌می ناوخۆیین له‌ هه‌زار و هه‌زار و دووسه‌دوپه‌نجا دیناره‌وه‌ نرخیان بووه‌ته‌ دوو هه‌زار دینار.

کوڤان ئاڤدەل، بەرێوەبەری چاودێری و بازرگانیی زاخۆ بۆ میدیازان وتی ‘ئەم گرانبوونە تەنیا هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو وڵاتانی دەوروبەریش گرتووه‌ته‌وه‌’.

وتیشی “تەنیا ئەوەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت گران بووە، ئەوەی لە ناوخۆ بەرهەم دێت، نرخی گونجاوە و هەر وەک خۆیەتی، بەردەوامیش چاودێریی بازاڕ دەکەین”.

هۆکاری گرانبوونەکە هەرچییەک بێت کاری لەوانە کردووە کە رۆژانە ئیشیان بە دۆشاوی تەماتە دەڕوات.

ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د خاوه‌نی یه‌كێك له‌ خواردنگه‌كانی زاخۆیه‌، ئه‌و ده‌ڵێت به‌ هۆی گرانبوونی نرخی ئاوی ته‌ماته‌، ئێستا له‌ خواردنگه‌كه‌یان ته‌ماته‌ی سروشتی به‌كار ده‌هێنن، ‘داواكارین حكومه‌تی كوردستان كارگه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كردنی ئاوی ته‌ماته‌ دابمه‌زرێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك لێی سوودمه‌ند بن’.

ئێستا له‌ بازاڕه‌كانی زاخۆ نرخی كیلۆی ته‌ماته‌ له‌ نێوان 500 بۆ 750 دیناره‌.