مۆڵەتی نوێی شۆفێری

هاتووچۆی سلێمانی پێدانی مۆڵەتە شۆفێرییە نوێکەی راگەیاند

میدیازان – دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

 دوای دوو مانگ لە راگەیاندنی، سیستمە نوێکەی مۆڵەتی شۆفێری لە سلێمانی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەرێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانیش دەڵێت، سیستمە نوێکە ١٢ جۆری مۆڵەت لەخۆی دەگرێت رسوماتەکەشی گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.

بڕیارەکە هی وەزارەتی ناوخۆیە و مانگی هەشتی ئەمساڵ دراوە، سەرەتا سیستمە نوێکە لە پارێزگای هەولێر و ئێستاش لە پارێزگای سلێمانی کەوتووەتە کار.

“سیستمەکە کراوە بە ئەلکترۆنی و ١٢ جۆر مۆڵەت دەبێت، لە پشتی مۆڵەتەکان وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلانە هەیە کە دەتواندرێت پێی لێ بخووڕدرێت”، بەختیار محەمەد، بەرێوەبەری راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی وای وت.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، زیاتر لە ٨٥٠ هەزار ئۆتۆمبێل لایان تۆمار کراوە و ژمارەی مۆڵەتیش لە ملیۆنێک زیاترە.

وتیشی: “لە ئێستادا مۆڵەتی تەکسی دەستکاری ناکرێت و وەک خۆی دەمێنێتەوە، هەروەها تەمەنی ١٦ ساڵ دەتوانێت مۆڵەتی ماتۆڕسکیل دەربهێنێت و لە ٢٠ ساڵیشەوە دەتواندرێ مۆڵەتەکانی تر وەربگیرێ.”

پێشتر رسوماتی دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری ٥٠ هەزار دینار و بەسەرچوون ٥٠ هەزار دینار و ونبوونیش ٦٠ هەزار دینار بوو. بە پێی وتەی بەرێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانیش بێت، ئەو رسوماتانە لە سیستمە نوێکەدا هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نایەت.

ئاماژەی بەوەش دا، رۆژانە کاری ٣٥٠ مۆڵەتی شۆفێری بە هەموو جۆرەکانییەوە رایی دەکەن.