نەخۆشخانەی ڕزگاری

هەولێر دەبێتە خاوەنی سەنتەری چاندنەوەی جەستەی مرۆڤ

میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە شاری هەولێر سەنتەرێک بۆ چاندنەوەی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ دەکرێتەوە، بە پێی بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمیش لیژنەیەک بۆ کردنەوەی سەنتەرەکە پێک هاتووە.

وا بڕیارە سەنتەرەکە لەناو نەخۆشخانەی ڕزگاریی شاری هەولێر بکرێتەوە و لە ئێستاشدا شوێنەکەی بۆ دابین کراوە، لیژنەیەکیش پێک هاتووە بۆ ئامادەکردنی ئامێر و کەلوپەل و پزیشک و کارمەندی پێویست.

د. عەبدوڵڵا سەعید، سەرپەرشتیاری پڕۆگرامی بەخشین و چاندنی ئەندامانی لەشی مروڤ لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم بە میدیازانی راگەیاند: ئەو سەنتەرە زۆر پێویستە، تا بتواندرێت هەر کارێکی چاندن و گواستنەوەی ئەندامانی جەستەی تیادا ئەنجام بدرێت.

وتیشی: “لە کوردستان داواکاری بۆ گورچیلە، دڵ، خوێن، پەنکریاس، جگەر، بیلبیلەی چاو و گوێ هەیە، بەڵام تا ئێستا تەنها چاندنی گورچیلە لە کوردستان ئەنجام، دەدرا.”

لە هەرێمی کوردستان رێکخراوی جەستەبەخشان هەیە و هەزار و ٢٣٠ کەس ئامادەییان دەربڕیوە جەستەیان ببەخشن.

فەرهاد قادر، سەرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشان بە میدیازانی راگەیاند: کردنەوەی ئەو سەنتەرە زۆر گرنگە و ماوەی چەند ساڵە ئێمە داوای کردنەوەی دەکەین.

“دەبینە هەماهەنگی ئەو سەنتەرە و هەر کارێک لە رێگەی ئێمەوە بکرێت ئامادەین، ئەندامەکانیشمان ئامادەن خەستەیان ببەخشن و ناویان تۆمار کردووە”، فەرهاد قادر وای وت.