دوکانی میوەفرۆشی
هەڵوژەی ترش کیلۆی ٢٠٠ هەزار دینارە
میدیازان – دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
+وێنە و ڤیدیۆ
کیلۆیەک هەڵوژەی ترشی تورکی لە میوەفرۆشەکانی سلێمانی ٢٠٠ هەزار دینارە، یەک جاک فرووتیش کە میوەیەکی تایلەندییە بە ١٧٠ هەزار دینارە و ٢٠ جۆری تری میوەش هەن، کە نرخی کیلۆیەکیان لە ١٠ تا ١٠٠ هەزار دینارە.
میوە گرانەکان لەوڵاتانی وەک تایلاندو تورکیا و وڵاتانی ئەفەریقاوە دێن و دەچنە دوبەی، پاشان لەوێوە دەنێردرێن بۆ بەغدا یان تورکیا و لەوێشەوە دەگەنە کوردستان و هەندێکیشیان بە فڕۆکە دەهێندرێن.
چۆمان مستەفا، میوەفرۆش لە گەڕەکی خەباتی شاری سلێمانی بە میدیازانی وت: “ئەو جۆرە میوانە دوو ساڵە دێنە کوردستان و خواستێکی زۆری هاووڵاتییانیان لەسەرە.”
“رێژەی هاوردەی ئەو بەرهەمانە لەبەر ئەوەی گرانن لە چەند تۆنێک تێناپەڕێت، چونکە گرانن و ئەوانەشی دەیکڕن جاری وا هەیە بە دانە یان بە قاپ دەیکڕن، ئەگەرچی خواست لەسەریان زۆرە بەڵام بەو رێژە کەمە دەکڕدرێن”، چۆمان وای وت.
بە پێی بڕیاری ژووری بازرگانیی سلێمانی، بۆ ئەو میوە گرانانەی لە دەرەوە دەهێندرێنە کوردستان دەبێت ١٠٪ـی نرخەکانیان بخرێتە سەر.
سۆران غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند: ئێمە بەردەوام چاودێریی نرخەکان دەکەین و پێش هاتنە ناوەوەشیان بۆ هەرێم بە کوالێتیی کۆنتڕۆڵدا تێدەپەڕن و نابێت زیاتر لە ١٠٪ـی نرخەکانیشیان بخرێتە سەر وەک قازانج.”