گۆڕستانی ئارامگای ئازاد

گۆڕستانی مردووە بێناسنامەکانی سلێمانی جێگەی نەماوە

میدیازان – دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

+وێنە و ڤیدیۆ

 مردووە بێناسنامەکانی سلێمانی لە گۆڕستانە تایبەتەکەیان جێگەیان نابێتەوە و ئێستا لە گۆڕستانی کۆرۆنا دەنێژرێن، لەمەودواش هیچ تەرمێک تا ناسنامەکەی نەدۆزرێتەوە ناشاردرێتەوە.

ئارامگای ئازاد، ناوی گۆڕستانێکە لە گردی سەیوان، کە لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە تەرمی ئەو کەسانەی تێدا دەشاردرێنەوە، کە بێناسنامەن یان خاوەنەکانیان وەریان ناگرنەوە.

“حاڵەتی جیاواز جیاوازی تێدایە، هەیانە تەرمەکان هێندە شێواون تەنیا بە ئەندامی زاوزێیان دەزانین ئەو کەسە ژنە یان پیاو”، ئەمە وتەی حاجی عومەری گۆڕهەڵەکەنە بۆ میدیازان، کە نزیکەی ٣٠ ساڵە لەو گۆڕستانە مردووەکان دەشارێتەوە.

وتیشی: “چەندان جار هەبووە گۆڕمان هەڵداوەتەوە، چونکە کەسانێک دوای ماوەیەک بەدوای کەسوکاریاندا دەگەڕێن و دەیانەوێت دڵنیا ببنەوە ماون یان مردووەن.”

لە گۆڕستانەکان تەرمەکان جیا نەکراونەوە ئاخۆ چەندیان ژن و چەندیان پیاو یان منداڵن، تەنها کۆدێکیان لێ دەدرێت و دەشاردرێنەوە و کۆدەکەش زانیاریی لەسەر تەرمەکە تیادایە.

ئێستا مامەڵەیەکی تر لەگەڵ تەرمە بێ ناسنامەکان دەکرێت، بڕیارێک هەیە هیچیان بەخاک ناسپێردرێن تا کەسوکاریان نەدۆزرێتەوە.

هانا شوان، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی لە ڕێکخراوی CDO بە میدیازانی وت: “بە بڕیارێکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، لەمەودوا هیچ تەرمێک بەبێ دۆزینەوەی ناسنامەکەی لەو گۆڕستانە نانێژرێت.”

بڕیارەکە بەو شێوەیەیە ئەو تەرمانە لەپزیشکی دادوەری دەمێننەوە تا ئەوەی ناوو ناونیشانیان دەدۆزرێتەوەو نابێت بە هیچ شێوەیەک بەخاک بسپێردرێن، ئەمەش بۆ فشارخستنە سەر هێزە ئەمنیەکانە تا زوو کەسوکاری قوربانییەکە بدۆزنەوە.

پێشتر وابوو کە ئەو تەرمە بێ ناوو ناونیشانانە تا ٤٠ رۆژ لەپزیشکی دادوەری دەمانەوە، دوای ئەوە بە هاوکاری لەگەڵ شارەوانیی سلێمانی بەخاک دەسپێردران.

“کەسانێک دێن دەیانەوێت لە کەسە دیارنەماوەکانیان دڵنیابنەوە، دێن و ئێمەش لیژنە پێک دەهێنین و گۆڕەکە هەڵدەدەینەوە، تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەیان بۆ دەکەین و ئەگەر ئەو کەسە هی ئەوان بێت دەیاندرێتەوە”، ئەمە وتەی بەرزان محەمەد، بەڕێوەبەری پزیشکی دادی سلێمانی وای بە میدیازان وت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا ئاماری مردووە بێناسنامەکان لای شارەوانیی سلێمانی هەیە، بەڵام زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە میدیازانیان راگەیاند: ئامارمان لا نییە و نازانین چەند گۆڕ لەو گۆڕستانە بوونیان هەیە.