قائیمقامی کۆیە: ئەمڕۆ دۆخەکە ئارامە

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، دۆخی ئەمنی کۆیە و دەوروبەری ئارامە، هیچ ئاماژەیەکی هێرشکردن بەدی ناکرێت، بە قسەی قائیمقامی قەزاکە.

دوێنێ دووشەممە، چوار جار بە موشەک هێرشکرایە سەر بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو کەس و برینداربوونی هەشتی دیکە.

ئەوە جگە لەوەی، هەر دوێنێ بە درۆنی خۆتەقێن هێرشکرایە سەر بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی، بەڵام جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی تێدا نەبوو.

تاریق حەیدەر، قائیمقامی قەزای کۆیە بە میدیازانی راگەیاند، “ئەمڕۆ دۆخی شارەکەمان ئارامە و هاوڵاتیان خەریکی کار و کەسابەتی خۆیانن”.

وتیشی، هیچ ئاماژەیەکیان نەبینیوە بۆ دووبارە هێرشکردنە سەر ئەو بنکە و بارەگایانە، کە بەهۆیانەوە خەڵکی کۆیە بە گشتی توشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبن.

هەر دوێنێ، سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدانی ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.

ئەوەی دوێنێ سێیەم جار بوو لە ماوەی دوو مانگی رابردوو ئێران هێرش بکاتە سەر بارەگای ئەو حزبانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان.

جاری یەکەم و دووەم لە رۆژی ٢٨ی ئەیلول روویدا، بەهۆیانەوە ١٣ کەس گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە ٥٠ کەسیش بریندار بوون.