لە کۆیە قوتابخانەی خێرا دروست دەکرێت

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

لە پاش بۆردومانی بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، وەزیری پەروەردە سەردانی ئەو شارەی کرد، بڕیاریدا بە خەرجکردنی ١٢١ ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەکی خێرا و نۆژەنکردنەوەی چەند قوتابخانەیەکی دیکە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی پەروەردە، رۆژی دووشەممە، ١٧ی تشرینی دووەم، ئالان حەمە سەعەید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دەرکردووە.

یەکێک لە بڕیارەکان، دروستکردنی قوتابخانەیەکە لەسەر بودجەی وەزارەت، بە شێوازی کابینە و بە خێرایی ، وەزارەت دەڵێت، “بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوەیە”.

لەو ١٢١ ملیۆنە، ٥٠ی بۆ دروستکردنی چەند پۆلێکی زیادەیە لە قوتابخانەکانی کۆیە لەگەڵ دروستکردنی قوتابخانە کابینەکە.

ئەوەی دەمێنێتەوە ٧١ ملیۆن دینارە کە بە وتەی وەزارەت بۆ نۆژەنکردنەوەی ئامادەیی کۆیە و تەقتەق تەرخان دەکرێت.

بەگوێرەی شەهێن عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كۆیە بۆ میدیازان، نزیكەی ٤٥٠ بۆ ٥٠٠ قوتابی هەن کە منداڵی کوردەکانی رۆژهەڵاتن لە کۆیە، ماوەی دوو مانگە قوتابخانە تایبەتەکانیان داخراوە و بەسەر قوتابخانەکانی تر دابەشکراون.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، هەر دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر راسپێردراوە، میکانیزمێک بگرێتەبەر بۆ ئەوەی لەگەڵ پەروەردەی کۆیە تیمێک لە رێنماییکارانی پەروەردەیی سەردانی ئەو قوتابخانانە بکەن و کاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ باشکردنی لایەنی دەروونی قوتابیان و خوێندکارانی کاریگەر بە هێرشە موشەکییەکان.