منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان جەڵتە لێیدا
دهۆک.. لە ١٠ مانگدا ١٠ منداڵ جەڵتە لێیداوە
میدیازان – هیڤی دێوالی – دهۆک
منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان لە دهۆک جەڵتەی مێشک لێی دەدات، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیڤی منداڵانیش دەڵێ جەڵتەی مێشک لەناو منداڵان زۆر بووە.
شەوی رابردوو، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان لە دهۆک بەهۆی جەڵتەی مێشک دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی هیڤی منداڵان لەو شارە.
ئازاد یونس، باوکی زەکەریای تەمەن چوار بە میدیازانی راگەیاند، زەکەریا لەکاتی یاری کردن کەوتە خوارەوەو دەست و قاچی لەکار کردن وەستاو، دەمیشی خوار بوو.
زیاتر وتی “دوای ئەوەی بردمانە نەخۆشخانەی هیڤی منداڵان، پزیشکەکان پشکنینان بۆی کرد، وتیان کە جەڵتەی مێشک لێیداوە”.
باوکی زەکەریا، باسی لەوەشکرد کە دوای نەخۆشخانەی هیڤی، سەردانی نەخۆشخانەی شیلانیشیان کردووە کە نەخۆشخانەیەکی ئەهلییە، بە مەبەستی دلنیا بوونەوە لەوەی جەڵتەی مێشک لە منداڵەکەی داوە، وتی “دوای پشکنین، هەمان ئەنجامەکەی نەخۆشخانەی هیڤی بوو، پزیشکەکەن چارەسەری پێویستیان بۆی نووسی و ئێستا گەڕاندومانەتەوە ماڵ”.
نەخۆشخانەی هیڤی منداڵان، زانیاری ئەوەی بە میدیازان داوە کە لە ١٠ مانگی رابردوودا پێنج تا ١٠ حالەتی جەڵتە لە منداڵان تۆمار کراوە، هاوکات مانگی رابردووش ٧٢ نەشتەرگەری بۆ منداڵان لە نەخۆشخانەکە کراوەو، رۆژانەش تا ٤٠٠ منداڵ وەک نەخۆش دەهێندرێنە نەخۆشخانەکە.
دکتۆر نزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیڤی منداڵان بە میدیازانی راگەیاند بەشی زۆری ئەو منداڵانەی جەڵتەی مێشک یان دڵ لێیان دەدات، منداڵی ناکام و، ئەوانەن کە نەخۆشی دڵ یان پیسی خوێن، یانیش کەمی خوێنیان هەیە.
زیاتر وتی “بوونی جەڵتە لە منداڵان شتێکی ئاساییە، هەروەک چۆن لە گەورانیش هەیە، جەڵتەی منداڵانیش بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کردووە”.