لە بەیانیاندا.. تاکسی و پاس بە گڵۆپی سووریش ناگەڕێنەوە
٩٦٤ – فەرمان سادق و شۆڕش عەبدولستار
بەیانیان، لەنێوان کاتژمێر ٧:٣٠ بۆ ٨:٣٠ لە چەند ترافیک لایتێکی ناو هەولێر، تاکسی و پاس لە ئاماژەی گڵۆپی سووریش ناگاڕێنەوە، هاتوچۆش دەڵێ ئەوانەی سەرپێچی بکەن سزایان دەدەین.
پەیامنێری ٩٦٤، کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی بەیانی زووی ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ـی تشرینی دووەم، دەچێتە بەردەم ترافیک لایتی چوارڕیانی شۆڕش لە شەقامی ٦٠ مەتری هەولێر، ئەو دیمەنە تۆمار دەکات کە هەندێک لە شوفێران لەکاتی کوژانەوەی گڵۆپی سەوزو داگیرسانی گڵۆپی سوور، ناوەستن و بەردەوام دەبن لە رۆیشتن.
بەگوێرەی ڤیدیۆکەی ٩٦٤، دەردەکەوێت کە زۆرینەی ئەو شوفێرانەی ناوەستن لەکاتی هەڵکردنی گڵۆپی سوور، شوفێرانی تاکسی و پاسەکانی هێڵەکانی ناو شارن.
لەسەر ئەو دیاردەیە، فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە ٩٦٤ـی راگەیاند، ئەوانەی لە ئاماژەی گڵۆپی سوور ناوەستن ئەوا لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە وەسڵی سزادانی بۆ دەکرێت.
هاتوچۆ؛ لە سزادان زیاتر ناتوانین هیچ رێکارێکی تر بگرینەبەر،
کامێرای ٩٦٤، لەماوەی کاتژمێر ٧:٣٠ خولەک تا ٨:٣٠ـی بەیانی، لە هەرسێ چوارڕیانی سێتاقان، شۆڕش و ٣٠مەتری لای نەقلیاتی کۆن، بە ڤیدیۆ شڵەژانی ناو ترافیک لایتەکانی تۆمار کردووە.
لە چوارڕیانی سێتاقان، بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخەکە پۆلیسی هاتوچۆ گڵۆپی ئاماژەکانی کوژاندەوە، ئەمەش رێکارێکە لە زۆرێک لە چوارڕیانەکان لە بەیانیان یانیش ئێواران، پۆلیسی هاتوچۆ دەیگرنەبەر بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی جەنجاڵی و قەرەباڵغی.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی کە رێکخستنی شەقام ئەرک و دەسەڵاتی پۆلیسی هاتوچۆیە، فازڵ حاجی وتی “لە سزادان زیاتر ناتوانین هیچ رێکارێکی تر بگرینەبەر، ئێمە هەر ئەو دەسەڵاتەمان هەیە”.